"قایمقامی خورماتوو توڕە بووە و مەراسیمەکەی جێهێشتووە"
لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان سکاڵا دژی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک تۆمار دەکەن
سیروان خورشید – خورماتوو
لەكاتی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەی مەولەوی خورماتوو بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوە سروودی “ئەی رەقیب” لەلایەن قوتابییە چاوگەشەکانەوە، زولفەقار حەیدەر قایمقامی قەزاکەی توڕە کرد و شوێنەکەی جێهێشت، بڕیارە سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە تۆمار بکات.
تارق ئەحمەد بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو بە 964ـی وت، “قایمقام داوای کردووە سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی تۆمار بکرێت، لەبەر ئەوەی قوتابییەکانی ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە و سرودی ئەی رەقیبیان لێداوە، ئێمەش لە هەوڵداین بابەتەکە چارەسەر بکەین”.
لەسەر ئەو رووداوە 964 قسەی لەگەڵ زەینەب عادل بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی کرد، ئەو دەڵێت، “هەر دوای رووداوەکە پەیوەندیم پێوە کرا و وتویانە دەبێت بێیت بۆ بەشی پەروەردە و لەسەر داوای قایمقام سکاڵات لەسەر تۆمار دەکرێت”.
“ماڵم لە کەرکوکە و گەڕاومەتەوە ماڵ، بۆیە پێیان وتم، دەبێ سبەی بێیتە پەروردە”، زەینەب عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە قوتابخانەی مەولەوی لەگەڵ ئاڵای کوردستان، ئاڵای عێراقیشیان داناوە و ویستوویانە دوای سروودی “ئەی رەقیب”، سرودی نیشتمانی عێراقیش لێ بدەن، بەڵام قایمقام هەستاوە و شوێنەکەی جێهێشتووە، دواتر بە بەڕێوەبەری پەروەردەی بەشی عەرەبی وتووە، دەبێ نووسراوی لەسەر بەرز بکەنەوە و رێکاری یاسایی دژی بگرنەبەر.
بەقسەی مامۆستا زەینەب، زۆربەی مامۆستاکان و کارە ئیدارییەکانی قوتابخانەی مەولەوی سەربە هەرێمی کوردستانە و قایمقام بۆی نییە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
ئەمڕۆ لە قوتابخانەی مەولەوی خورماتوو هەر سێ بەشی خوێندنی کوردی و عەرەبی و تورکمانی پێکەوە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنیان لێدا.