ئەم جارە فەرمانگەی ژینگەیە

دووەمین فەرمانگەی هەڵەبجە بەکارهێنانی پلاستیک قەدەغە دەکات

964+

ژێوار خدر

خەریکە قەدەغە کردنی بەکارهێنانی کەلوپەلی پلاستیکی لە هەڵەبجە دەبێت بە نەریت و لە دوای بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە، ئێستا فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەش رایگەیاند کە لە فەرمانگەکەیانەوە ئیتر رێگە بە بەکارهێنانی کەلوپەلی پلاستیکی نادەن، پێشنیاریش بۆ هەموو فەرمانگەکانی دیکە دەکەن واز لە بەکارهێنانی مەوادی پلاستیکی بهێنن.

سەرهەنگ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە، بەرز دەنرخێنین و بەنیازین سەردانییان بکەین و دەستخۆشییان لێ بکەین بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کە کردوویانە و خزمەتێکی گەورە بە ژینگە دەکەن.

وتیشی، ئێمە خۆمان لە فەرمانگەکەمان پێشتریش زۆر کەم کەلوپەلی پلاستیکیمان بەکارهێناوە، ئێستاش بڕیارمانداوە بە تەواوی رێگری بکەین لە بەکارهێنانی هەموو کەلوپەلێکی پلاستیکی و گشتاندنێکیشمان کردووە بۆ هەموو فەرمانگەکانی دیکەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کە ئیتر کەلوپەلی پلاستیکی بەکارنەهێنن.

”لەبری بەکارهێنانی بۆتڵی پلاستیکی دەتوانن پەرداخ و بۆتڵی شوشە بەکاربهێنن، هەم تەندروست ترە و هەمیش زیانی نیە بۆ ژینگە.” سەرهەنگ عەبدولرەحمان وای وت.

بەڕێوەبەرایەتیەکی هەڵەبجە بەکارهێنانی پلاستیکی قەدەغ...

بەڕێوەبەرایەتیەکی هەڵەبجە بەکارهێنانی پلاستیکی قەدەغە کرد