
Image Credits: Meta
مێتا بەکارهێنەرانی دەباتە ناو یاریگا
+964
بڵند عوسمان – هەولێر
کۆمپانیای مێتا گرێبەستی پەخشکردنی یارییەکانی خولی NBA و WNBA دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو لەمەودوا دەتوانن لە فەیسبووکەکەتان سەیری یارییەکان بکەن.
بەگوێرەی گرێبەستی کۆمپانیای مێتا لەگەڵ (NBA و WNBA) ئەوا کۆمپانیایەکە مافی گواستنەوەی زیاد لە 50 یاری لە خولەکە دەبێت کە بەشێوەی راستەوخۆ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەیگوازێتەوەو، بەکارهێنەرانیش دەتوانن لە رێگەی چاویلەکەی دیجیتاڵی کە VRـی پێدەڵێن سەیری یارییەکان بکەن.
مێتا سوود لەم تایبەتمەندیە دەبینێ بۆ کۆکردنەوەی زیاتری بەکارهێنەر لە جیهانە جیاوازەکەی کە مێتاڤێرسە.
مێتا دەڵێت: بەکارهێنەران دەتوانن سەردانی یاریگاکانی NBA بکەن و لەگەڵ هاوڕێکانیان سەیری بەرهەمەکان بکەن و یاری ئەنجام بدەن، لە داهاتووشدا بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی بەشداری مانگانە سەیری بەرهەمی زۆر زیاتر بکەن”.
لە راگەیەنراوەکەی مێتا هاتووە کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا بەکارهێنەران دەتوانن جلوبەرگی تیمە دڵخوازەکانیان لە خولی NBA بکڕن و ئاڤاتارەکانیان بیانپۆشن، بێجگە لە مێتاڤێرس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و مێسینجێر بەردەست دەبن.
مێتاڤێرس، جیهانێکی نوێیە کە کۆمپانیای مێتا یاخود کە پێشتر بە فەیسبووک ناسرابوو، خاوەندارییەتی دەکات و پێکهاتووە لە جیهانێکی خەیاڵی کە تێکهەڵکێشی جیهانی راستی کراوە، بەکارهێنەران دەتوانن کارەکتەری هاوشێوەی خۆیان دروست بکەن کە پێی دەگوترێ ئاڤاتار.