دوکاندارێک: کڕیارمان کەمە

شۆستەکانی ناو بازاڕی زاخۆ رێکدەخرێنەوە و شەقامیش فراوان دەکرێت

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمرۆ پێنجشەممە 25.7.2024، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغە بۆ سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری دانرا، کە پێکدێن لە “رێکخستنی شۆستەکانی ناو بازاڕ و فڕاوانکردن، قیرتاوکردنی جادەی سێمالکا بەدرێژایی دوو کیلومەتر و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ قەلای کۆنی زاخۆ”.

سێ پرۆژەکە، خزمەتگوزارین و ماوەیەک کارکردن تیایاندا دەستیپێکردووە، “ئەمرۆ بەردی بناغەیان بۆ دانرا و وا بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا هەموویان تەواو بکرێن”.

رێناس رەجەب، دوکاندارێکی ناو بازاڕە لە زاخۆ بە 964 وت، “پرۆسەکە زۆر بەلاوازی بەرێوەدەچێت و زیانێکی زۆرمان پێ گەیشتووە، هاتوچۆی مشتەری و کڕیار کەمە بەهۆی کارکردنی تیمەکانەوە”.

لایی خۆیەوە ئیدریس عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964 وت، ” ماوەی پرۆژەکان لەنێوان چوار بۆ پێنج مانگە بەبێ ئەوەی گوڕانکارییەک تیایدا بکرێت، دوو مانگە کار تیایدا دەکرێت، و بۆ هەر گوڕانکاریێکیش مانگێکی تر لەسەر زیاد دەبێت، داوا لەهاوڵاتیان دەکەین کەمێک هاوکار و بەسەبربن تا پرۆژەکان تەواو بن ئەو کات ئەوانیش سوودمەند دەبن”.

ئەوە لەکاتێکدایە هەردوو پرۆژەی رێکخستنی شۆستەکانی ناو بازاڕ و داخستنی جادەی سێمالکا گرفتی بۆ دوکانداران و شوفێرەکان دروستکردووە، بەقسەی شارەوانی بێت، “تا دوو مانگی تریش ئەم گرفتە درێژەی دەبێت”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا