فەڕشی تەمەن سەرووی 100 ساڵیان هەیە

گەرما بازاڕی بابەتە فۆلكلۆرییەكانی لە سلێمانی كز کردووە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە بازاڕی مەزادخانەكەی خوارەوەی سلێمانی، دوكانێكی فۆلكلۆریی دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی داوە بە بازاڕەكە و پڕیەتی لە كەلوپەلی کۆن، خاوەنی دوكانەکە دەڵێت، وەرزی گەرما و بێ بازاڕی ئێمەیە و بازاڕیش بەگشتی قوفڵ بووە.

زۆربەی بابەتە کۆنەکانی لا دەستدەکەوێت لەوانەش بەڕە، جاجم، سەماوەری خەڵوز، پۆپەشمین، بەرماڵی خوری مەڕ، كەڵچیتی تەونی فەڕش، جانتای كەشكۆڵ، گڵۆنكەی رستەیی و فەڕشی عەنتیكی دەستی.

ئارام ئیسماعيل، خاوەنی دوكانە فۆلكلۆرییەكەی سلێمانی بە 964ی وت، لە وەرزی گەرمادا ئەم كەلوپەلانەیان كەم سەرف دەبێت و بازاڕیان کز دەبێت.

بەرهەمی كاری دەستی نوێیان هەیە و بەرهەمیشیان هەیە تەمەنی سەرووی 100 ساڵ دەبێت.

دەشڵێت “سەرەڕای ئەوەی كەلوپەلەكانمان دانسقە و دەگمەنن، بەڵام نرخەكانیشیان هەرزانە و بەڕەیەكی تەمەن پەنجا ساڵی بە 50 بۆ 70 هەزار دینار دەفرۆشین”.

ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو كەسانە كڕیاری كەلوپەلەكانیانن، ئەوانەن کە خولیای فۆلكلۆرن و لە ساڵانی 1995 تاوەكو سەرەتای 2000یش سەردەمی زێڕینی فرۆشی كەلوپەلی فۆلكلۆریی بووە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن