لە دهۆک
بەهۆى ئاگرێکەوە 10 ئەندامى خێزانێک رزگارکران
964+
وریا فەتاح
بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە باڵەخانەیەکى چوار نهۆمى لە گەڕەکێکى شارى دهۆک، سێ ئەندامى خێزانێک توشى تەنگەنەفەسى بوون حەوت ئەندامى دیکەش و لەلایەن تیمەکانى تەندروستى و بەرگرى شارستانییەوە رزگارکران.
بەرگرى شارستانى دهۆک بڵاوى کردەوە، کاتژمێر 7:28 خولەکى بەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگادارکرانەوە لە بوونى ئاگر لە گەڕەکى ماسیکێ.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژى بەرگرى شارستانى دهۆک بە 964ـى وت،” ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکى چوار قاتى کەوتووەتەوە و 3 ئەندامى یەک خێزان توشى تەنگە نەفەسى هاتوون و حەوت ئەندامى هەمان خێزانیش رزگارکراون و دوویان بە سوکى بریندار بوون”.
بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییەى بەرگرى شارستانى دهۆک بڵاوى کردووەتەوە، ئەندامانى خێزانەکە رزگار دەکرێن و لەلایەن تیمى 122ـى تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت و ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
لەبارەى هۆکارى ئاگرەکەوە، بێوار عەبدولعەزیز باسى لەوەکردن تیمەکانیان لە شوێنى رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام تائێستا هۆکارەکەى دیارى نەکراوە.