گەنمەکەیان نافرۆشرێت

جوتیارانى کورد تینیان بۆ هاتووە؛ خەریکە رەنج بەخەسار دەبن

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

جوتیارانى کوردى کەرکوک، کێشەیەکى سەرەکیان هەیە و بۆ ئەمساڵ خەریکە رەنجبەخەسار لێى دەردەچن، چونکە خراونەتە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى و حکومەت گەنمەکەیان لێ ناکڕێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە جوتیاران چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى کەرکوک، چاوەڕێ بوون بەڕێوەبەر بێتە دەرەوە و گوێیان لێبگرێت، بەڵام بە وتەى دلێر عەبدولغەفار کە جوتیارێکى کوردە،” بەڕێوەبەرى کشتوکاڵ نەسەن پێى وتوون کە نایەتە دەرەوە”، هەر بۆیە جوتیاران خۆیان چوونەتە بەردەم دەرگاى بەڕێوەبەر.

بە وتەى ئەو جوتیارە، تائێستا کشتوکاڵى کەرکوک داواکارى ئەوانى نەگەیاندووەتە بەغدا، تا گەنمەکەیان لێوەربگرن و رەنجى ساڵێکیان بە خەسار نەچێت.

روونیشى کردەوە، حکومەت گەنمەکەیان لێ ناکڕێت، تەنانەت لە بازگەکانیش رێگە لە گەنمەکەیان دەگرن ئەگەر بیانەوێت بیبەن لە بازاڕدا ساغى بکەنەوە، هەربۆیە هەر گوندێک دەبینى 1000 بۆ 2000 تۆن گەنمى لێ هەڵدراوەتەوە.

جوتیارانى کەرکوک، گلەییان لە نوێنەرانى کورد هەیە و دەڵێن،”کەس نایەت بە دەممانەوە و نوێنەرایەتى کێشەو داواکارییەکانمان ناکەن”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح