چیرۆکى رووداوى هاتوچۆکەى رێگاى کۆیە

جوتیارێک لەگەڵ بەرهەمی گەنمەکەیدا کچە 8 ساڵانەکەشی لەدەستدا

دەریا ئەحمەد ــ کۆیە

لە پشت رووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی سەر رێگای نێوان کۆیە – دوکان چیرۆکێکی پڕ ئازار هەیە. پێکدادانی بارهەڵگرێک، تانکەرێکی سووتەمەنی و تراکتۆرێک، پرسەی خستە سێ ماڵەوە.

لە رووداوەکەدا تراکتۆرێک هەبووە کە هی جوتیارێک بووە. جوتیارەکە خەریکی بردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی بووە بۆ ماڵەوە و دوو کچیشی لەگەڵدا بووە، بەڵام لەسەر رێگاکە خۆى و کچێکى بریندار دەبن و کچى هەشت ساڵانەشى گیان لەدەست دەدات.

دیاکۆ هەڵۆ، بەرپرسی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە، بە 964ـی وت: “برینی باوکی منداڵەکان (جوتیارەکە) زۆر سەختە، بۆیە بڕیاردراوە بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بکرێت.”

لە رووداوەکەدا، جگە لە کچە 8 ساڵانەکە، شۆفێری هەردوو بارهەڵگرەکەش (تانکەرەکە و بارهەڵگرەکەی دیکە) سووتاون و گیانیان لەدەستداوە. پزیشکەکانی نەخۆشخانەی کۆیە تا ئێستا نەیانتوانیوە بیانناسنەوە.

ئاماری کۆتایی ئەم کارەساتەی ئێوارەی ئەمڕۆ، بریتییە لە 3 کەس کە بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ 2 بریندار کە باوکێک و کچەکەیەتی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح