نزیکەی 515 ملیار دیناری ماوە

لەکۆی 590 ملیار 74.4 ملیار دیناری پارەی جوتیاران گەیشتووە

ژووری هەواڵ

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کۆتایی هات و لە ماوەی مانگ و نیوێکدا زیاتر لە 685 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.

بڕی گەنمی وەرگیراو بەمشێوەیەیە بەگوێرەی پارێزگاکان: جوتیارانی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 277 هەزار تۆن گەنم، جوتیارانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە 222 هەزار تۆن گەنم، جوتیارانی پارێزگای دهۆک زیاتر لە 186 هەزار تۆن گەنم.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21.7.2024، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، ئەو بڕە گەنمەی کە وەرنەگیراوە بەهۆی ئەوەوە بووە کە لە پشکنین دەرنەچووە و بەگوێرەی ئەو مەرجانە نەبووە کە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق دیاریکردووە.

“کۆی گشتی پارەی شایستەی جوتیاران نزیکەی 590 ملیار دینارە و لەو بڕەش تائێستا 74.5 ملیار دینار هاتوە”، وەزارەتەکە وا دەڵێت.

ئەو بڕە پارەیەی کە هاتووە بەم شێوە بەسەر جوتیاران دابەش کراوە: بڕی 28 ملیار دینار بۆ جوتیارانی سلێمانی، بڕی 17 ملیار دینار بۆ هەولێر و بڕی 29.5 ملیار دینار بۆ دهۆک.

“بڕی ئەو پارەی وەک شایستەی جوتیاران ماوە بریتیە لە 515 ملیار دینار و چاوەرێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان و پاش تەواو کردنی رێکارە ئیداریەکان بەسەر جوتیاران دابەش بکرێت”، وەزارەتی بازرگانی وا دەڵێت.