هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - وێنە: راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
دەنگدان بە کابینەی حکومەت
“دووشەممە یان سێشەممە کۆبوونەوەکەیە”
ئەحمەد مستەفا
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ دانیشتن و دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راگەیاند، لەگەڵیدا بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەنێردرێت بۆ ئامادەبوونیان لەوکاتەدا.
ئەگەر هەیە، دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە دانیشتنەکە بەڕێوەبچێ.
سەفوان ئەلجەرجیری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ووتوە، پەرلەمان هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەت تەواو کردووە، لە دەنگەکانی پێشووی حکومەتدا نەریت بووە بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بنێردرێت.
لەبارەی وادەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە بۆ دەنگدان بە کابینەی حکومەت ئەلجەرجیری وتی، چاوەڕوانی سەرۆکی پەرلەمان دەکەین بۆ دیاریکردنی وادەی دانیشتنەکە، جا دووشەممە بێت یان سێشەممە.
پێنجشەممەی رابردوو، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، بەرنامەی وەزاری خۆی پێشکەش بە هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان، هەیبەت حەلبوسی کردووە.
ئەمە کابینەی شەشەمی حکومەتە، عەلی زەیدی لە کارنامە 14 تەوەرەیییەکەیدا بۆ حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژە بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت و پاراستنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو کەرتە دەکات، لە کارنامەکەدا جەخت لە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردنیان کراوەتەوە.