رۆژنامەیەکی ئەمریکی وادەڵێت

ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە عێراق دامەزراندووە

ژووری هەواڵ

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، کە ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە بیابانی رۆژئاوای عێراقدا دامەزراندووە بۆئەوەی لە هێرشەکردنە سەر ئێران پشتگیری هێزەکانی بکات.

رۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە و بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێش سەرهەڵدانی جەنگی ئێران کە رۆژی 28.2.2026 دەستیپێکرد و 39 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناو جەرگەی بیابانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژی ئێران.

وەک دەوترێ، لە سەرەتای مانگی ئازاردا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە عێراقییەکاندا لە رۆژئاوای عێراق، خەریک بووە شوێنی بنکە ئیسرائیلیەکە ئاشکرا ببێت، هەر بۆیە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئەو هێزانە و نەیهێشتووە نزیکی ئەو شوێنە ببنەوە کە بنکەکەی تێدایە.

لەلای خۆیەوە لیوا قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە میدیاکانی دەوڵەتی راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە “بێباکانە” بووە و بەبێ هیچ هەماهەنگی و رێگەپێدانێک لەلایەن بەغداوە ئەنجامدراوە.

دوابەدوای پێکدادانی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، حکومەتی عێراق یەکەیەکی دیکەی لە دەزگای دژەتیرۆر ناردووەتە ئەو ناوچەیە و بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم یەکانە بەڵگەی فیزیکییان دۆزیوەتەوە کە بوونی چالاکی هێزی سەربازی بیانی لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکەنەوە.

هەرچەندە سوپای ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات بەڵام لە راپۆرتەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوە کراوە، ئەم دامەزراوە نهێنییە کارمەندانی هێزە تایبەتەکانی تێدا جێگیر کراوە و وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەکارهاتووە و ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان دروست کراوە.