لەسەر رێگای سەڵاحەدین - کەرکوک

بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێڵێک پێکیاندادا؛ گیانلەدەستدان و بریندار هەیە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لەسەر رێگای گشتی سەڵاحەدین – کەرکوک و لە سنووری قەزای بێجی، بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا کامری پێکیاندادا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەرەکییەکانی سەڵاحەدین بە 964ـی وت،”رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 10.5.2026 روویداوە و هۆکارەکەشی بۆ خێرایی و پابەندنەبوون بە هێماکانی هاتوچۆ لە لایەن هەردوو شۆفێرەکەوە دەگەڕێتەوە”.

“لە رووداوەکەدا سەرەتا شۆفێری کامرییەکە و سێ سەرنشینی برینداربوون، دواتر شۆفێرەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی قەزای بێجی گیانی لەدەستداوە و ​تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سەڵاحەدین کراوە، ​سێ بریندارەکەش لەژێر چاودێری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە”، موئەیەد عەباس وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێری بارهەڵگرەکە دستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە شوێنی رووداوەکە دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی سەرپێچی و کەمتەرخەمییەکانی هەردوولا.

​رێگای سەڵاحەدین – کەرکوک یەکێکە لەو رێگا دەرەکییانەی کە لۆدێکی زۆری بارهەڵگرەکانی لەسەرە و بەردەوام داوا لە شۆفێران دەکرێت بۆ پاراستنی سەلامەتییان پابەندی رێنماییەکان بن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری