هەرزان دەبێت

عێراق هێلکەی لێ زیادە

ژووری هەواڵ

وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق پشتڕاستکردەوە کە بەرهەمى ساڵانەى هێلکەى ناوخۆ زیادی هێناوە، بەوپێیەی وڵات ساڵانە پێویستی بە 12 ملیار هێلکە هەیە، لە کاتێکدا کۆی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 13 ملیار و 215 ملیۆن هێلکە.

وەزارەتەکە داوای کەمکردنەوە یان نەهێشتنی باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کردووە بۆ فراوانکردن و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی زۆریی و دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، نرخەکان بەراورد بە رۆژانی پێشوو دەستی بە دابەزین کردووە.

لەم ماوەیەی دواییدا نرخی هێلکە لە بازاڕە ناوخۆییەکان بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی کارتۆنێک گەیشتووەتە 80 هەزار دینار.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارەکە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان نییە بەڵکو “قسەکردنە لەلایەن بازرگانانەوە کە بیرۆکەی کەمییان بەرەوپێشبردووە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا”.

مەهدی سوهر جبوری، یاریدەدەری ئەمینداری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندووە، ئەو داواکارییەی کە وەزارەت پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئابووری کردووە، ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر خاوەن کێڵگەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆری پڕۆژەکانی پەلەوەر و ئاژەڵداری بە خۆراکی هاوردەکراو.

ئاشکراشیکرد کە ڕێوشوێنەکانی پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە لەم ماوەیەی دواییدا بەشدارییان کردووە لە کاراکردنەوەی 291 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە کە ڕاگیرابوون، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی هەزاران هەلی کار و پشتگیرییەکی بەرچاوی لە فراوانبوونی کەرتەکەدا کردووە.

جێگری سکرتێری کارگێڕی وەزارەتەکە رایگەیاندووە، کۆی بەرهەمهێنانی هێلکە ساڵانە لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 13.215 ملیار هێلکە، بە بەراورد بە خواستی ناوخۆیی 12 ملیار هێلکە، لە ئەنجامدا ساڵانە 1.2 ملیار هێلکە زیادەیە.

لە ئێستادا هێلکە لە رێگەی مارکێتەکانی وەزارەتی بازرگانییەوە دەفرۆشرێت، بۆ هەر تەبەقێک بە بڕی نێوان 5 هەزار بۆ 5 هەزار و 500 دینار بەپێی جۆرەکەی، واتە نرخی هەر کارتۆنێک لە 60 هەزار بۆ 65 هەزار دینار دەکات.