ویستوویانە بچن نان بخۆن
لە خورماتوو بارهەڵگرێک مێردمنداڵێکی کوشت و یەکێکی دیکەی بریندار کرد
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەهۆی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە سنووری قەزای خورماتوو، مێردمنداڵێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.
روداوەک، لەسەر رێگای سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا لە نزیک دەروازەی خورماتوو روویدا، بارهەڵگرێک خۆی بە ماتۆڕسکیلێکی سێ تایەدا کێشا.
عەلی فەلاح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، بە 964ـی وت، یەکێک لە مێردمنداڵەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و مێردمنداڵەکەی دیکەش کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بووە بەسەختی بریندار بووە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.
وتیشی “تەرمەکە، رەوانەی پزیشکی دادی لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان”.
لایخۆشییەوە، ئیحسان عەباس، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەرەکی خورماتوو، تایبەت بە 964ـی راگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد لە چۆنیەتی و هۆکاری سەرەکی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
وتیشی “رووداوەکە لە کاتێک روویداوە کە دوو مێردمنداڵەکە بە ماتۆڕسکیلێکی سێ تایەوە ویستوویانە لە شەقامە سەرەکییەکە بپەڕنەوە بە مەبەستی چوون بۆ یەکێک لە چێشتخانەکانی سەر رێگاکە بۆ نانخواردن، لەو کاتەدا بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بەسەختی خۆی پێیاندا کێشاوە”.
ڕێگای سەرەکی خورماتوو بۆ کەرکوک یەکێکە لەو رێگایانەی بەهۆی جەنجاڵی بارهەڵگرەکان و خێرایی لێخوڕینەوە، ساڵانە چەندین رووداوی هاوشێوەی تێدا تۆمار کراوە و بەهۆی چەندین هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن