بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سوتەمەنی

لە کەرکوک وێستگەی “عوقبە بن نافع” کرایە 24 کاتژمێری

ئەحمەد مستەفا

بۆ ئەو کۆڵانانەی کەرکوک نۆرەی وەرگرتنی بەنزین دوور و درێژ بوو، دوێنێ وەزعی شۆفێران باش نەبوو، درەنگانی ئەمشەو پارێزگاری کەرکوک وەک لە راگەیەندراوێکدا باس کراوە، سەردانێکی لەپڕی بۆ وێستگەی “عوقبە بن نافع” ئەنجامداوە و وێستگەکەی خستووەتەوەکار.

وێستگەی عوقبە بن نافع، بەنزیخانەیەکی حکومی پارێزگاکەیە بەڵام 24 کاتژمێریی نییە، قەیرانەکە زیاتر بەهۆی ئەوەوە سەریهەڵداوە، بە بیانووی جەنگەوە، بەغدا 300 هەزار لیتر بەنزینی رۆژانەی شارەکەی بڕیوە.

لە راگەیەندراوێکدا پێگەی پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ یەکشەممە 10.5.2026 دەڵێ، پارێزگاری کەرکوک محەمەد سەمعان، لە کاتژمێر 3:40 خولەکی بەرەبەیاندا سەردانێکی لەپڕی بۆ وێستگەی سوتەمەنی عوقبە بن نافع ئەنجامدا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی کەرکوک.

رێنمایداوە بە کردنەوەی وێستگەکە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی دوای ئەوەی سەرسام بوو بە داخرانی وێستگەکە سەرەڕای رێنماییەکانی پێشوو کە دەبێت بە درێژایی 24 کاتژمێر لەگەڵ وێستگەیەکی دیکە لە باکووری کەرکوک کار بکەن.

پێشتر، سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە مەرجی ناونەهێنان بە 964ـی وت، پێشتر کەرکوک رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 900 هەزار لیتر بەنزینی حکومی وەردەگرت و لە رێگای نزیکەی 90 بەنزینخانەوە دابەشی دەکرد، بەڵام وا چەند رۆژێکە بەبیانوی جەنگ و قەیرانی بەنزین لە شارەکانی دیکەی عێراق، بەشە بەنزینی کەرکوک بۆ  یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر کەمکراوەتەوە.

لە کەرکوک 350 هەزار ئۆتۆمبێل لە رێگای کۆبۆنەوە بەنزین وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی قەیرانی غازی ئۆتۆمبێل لە جۆری LPG نزیکەی 25 هەزار ئۆتۆمبێلی غاز، بەناچاری بە بەنزین ئیش دەکەن، ئەوەش وادەکات ئەو بەنزینەی ئێستا بەشیان نەکات، کەرکوک هێشتا خاوەن پاڵاوگەی خۆی نییە و رۆژانە لە پاڵاوگەکانی بەغدا و بێجی و بازیان و کەربەلا، بەنزینی بۆدەچێت.