دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

هەڕەشە و گوڕەشەکانی سوپای پاسداران و پیشنیازێکی روسیا بۆ یۆرانیۆمەکەی ئێران

شۆڕش قادری

هەڕەشە و گوڕەشەکانی سوپای پاسداران بەردەوامە و پوتینیش ئاشکرایکرد پێشنیازیان کردووە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگوازنەوە روسیا.

کورت و پوختی هەواڵەکانی 24 کاتژمێری رابردوو لێرە بخوێنەوە؛

مەجید موسەوی فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران رایگەیاند، موشەک و درۆنەکانیان بەرەوڕووی ئامانجەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانیان لە ناوچەکە ئامادە کراون و ئامادەی فەرمانن.

هاوکات فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، هەرجۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر کەشتییەکانی ئێران لە ئاوەکانی گەرووی هورمز وەڵامی قورسی دەبێت و دەبێتەهۆی هێرش کردنەسەر پێگە و ناوەندەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن،  پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ روسیا لەسەر مێزە.

پوتین سوپاسی ئەمریکا دەکات کە ئاسانکاری بۆ دانوستانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا کردووە و دەڵێت، “دەستبەجێ رازی بووین بە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان”.

ئاژانسی بلومبێرگ لە شیکارییەکی ئابووریدا ئاشکرای کردووە، کۆی ئەو نەوتەی جیهان کە رۆژانە لە ئێستادا بەرهەمی دەهێنێت زۆر دابەزیوە و نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیلە، پێشبینیش ناکرێت تەنانەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمزیش، وابەئاسانی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق رەتیکردەوە، هیچ حاڵەتێکی “ڤایرۆسی هانتا” تۆمارکرابێت و رایگەیاند، بەوردی چاودێری دۆخی پەتاکان دەکات لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و رێوشوێنی پێشوەختەی پێویستیان گرتووەتەبەر.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کەشتییەکەی دوورگەکانی کەناریاس (تووشبوانی ڤایرۆسی هانتا) بگەڕێنەوە، ژمارەی سەرنیشینەکان 14 کەسن، ئیسپانیا ئامادەکاری گەڕانەوەیان دەکات و هەوڵ هەیە بەبێ هەبوونی هیچ مەترسیی و بەرکەوتنێک بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سەردانەکەی بۆ تورکیا دیدارێکی بەرهەمداری لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و قسەیان لەسەر ئەو پێشهاتانە کردووە کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە هەیە.

درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگای سەرەکی نێوان کەرکوک – بەغدا لە نزیک دەروازەی خورماتوو، بارهەڵگرێک خۆی بە ماتۆڕسکیلێکی سێ تایەدا کێشا و لە ئەنجامدا مێردمنداڵێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند، کە بە بەکارهێنانی چەک، نارنجۆک و سەگی پۆلیسی جۆری (K9)، بووەتە هۆی ترساندن و بێزارکردنی دانیشتووانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی پایتەخت.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبا لە بەیانی زووی ئەمڕۆوە بەهۆی چاکسازی لە گۆڕەڕەکانی فیدەری کارەبا لە کەلارەوە تا بانەسیاو کارەبای نیشتمانی بڕاوە و کاتژمێر 5ـی ئێوارە ئیشەکەیان تەواو دەبێت و کارەبا هەڵدەکرێتەوە.

​هاوڵاتیانی گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەت سەر بە پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی کارەساتێکی تەندروستی، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆی گوندەکەیان بەو جۆگەیەی دەکەوێتە تەنیشت پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەزوور.