"دەبێت چۆڵى بکەن"

رێگە لە کاسبکارانى مەیدانى ئاژەڵفرۆشان دەگیرێت بچنە مەیدانەکەوە

964+
وریا فەتاح

ئەو مۆڵەتەى بە ئاژەڵفرۆش و کاسبکارانى مەیدانى ئاژەڵفرۆشانى سلێمانى درابوو، کۆتایى هات و رێگەیان لێگیراوە بچنە ناو مەیدانەکە، کاسبکارانیش دەڵێن،”ناڕۆین و چۆڵى ناکەین”.

کێشەى ئاژەڵدارانى مەیدانەکە ئەوەیە، کۆمپانیایەک زەوى مەیدانەکەى وەرگرتووە و دەیکات بە پڕۆژەى نیشتەجێبوون، شوێنێکى دیکە بۆ مەیدانى ئاژەڵانى سلێمانى لە گوندى یەک ماڵەى نزیک عەربەت دیاریکراوە و کۆمپانیایەکى دیکە جێبەجێى دەکات و بۆ هەر 200 مەترێک بڕى 10 ملیۆن دیناریان لێوەردەگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.7.2024 لەلایەن کۆمپانیاکەوە بەربەستێکی گڵ لەسەر رێگەى مەیدانەکە هەڵدراوەتەوە رێگە لە کاسبکارانى مەیدانەکە گیراوە، ئاژەڵفرۆش و کاسبکارانیش بۆ 964 قسەیان کردووە و دەڵێن،”لێرە ناڕۆین و مافى خۆمانمان دەوێت”.
نزیکەى هەزار خان و گەوڕ لە مەیدانەکە هەن، وەک ئاژەڵفرۆشانیش باسى دەکەن سەرچاوەى بژێوى ژیانى نزیکەى چوار هەزار خێزانى لەسەرە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵ...

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەتەوە