رووداوی هاتوچۆ بووە

لەرێگەی گوڵاڵە بۆ خانەقین دوو کەس گیانیان لەدەستدا

سیروان خورشید – خورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.9.2026 لەسەر رێگای گوڵاڵە بۆ خانەقین سەر بەپارێزگای دیالە ​روداوێکی سەختی هاتوچۆ روویداوە، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

دوو کەس هەر شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و هاتوچۆ و تیمەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی دیالە بە964ـی وت، “رووداوەکە پێکدادانێکی روبەڕوو بووە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا کە چوار سەرنشینی تێدا بووە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری تۆیۆتا کامری”.

بەهۆی سەختیی پێکدادانەکەوە، “شۆفێر و سەرنشینێکی ئۆتۆمبێلە مازداکە لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و دوو سەرنشینەکەی تری هەمان ئۆتۆمبێل بە سەختی بریندار بوون و دوو کەسی دیکەش لەناو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا کامرییەکەدا بریندار بوون”.

بە قسەی هاتوچۆ، هۆکاری رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوی و کەمتەرخەمی هەردوو شۆفێرەکەوە بووە، تیمەکانی هاتوچۆ و فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و تەرمەکانیش رەوانەی پزیشکی داد کراون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا