هونەرمەندە بە ناوبانگەکەی عێراق لە سلێمانییە

ئەیاد رازی: خێزانەکەم کوردە، بەڵام خۆم فێری کوردی نەبووم

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

لە فێستیڤاڵەکەی سلێمانی میوانی دەرەوەی شار زۆر هاتوون، یەکێکە لەوانە ئەکتەری دیاری عێراقی ئەیاد رازییە، کاتێک قسەی بۆ مایکی 964 کرد زۆر دڵخۆشی دەربڕی لەوەی لە سلێمانییە، ئەوەشی درکاند کە خێزانەکەی کوردەو خەڵکی مەندەلییە.

ئەیاد رازی یەکێکە لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی عێراق، بەتایبەتی لە بواری کۆمیدیا خەڵک زۆر حەزیان پێیەتی و تەماشای ئیشەکانی دەکەن، لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە وتی ”ئەمە یەکەمجارمە دێم، بەڵام زۆر پێی ئاسوودە بووم و کەشێکی زۆر تایبەتی هەیە”.

ئەوەی ئەمساڵ شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە لە سلێمانی، 108 فیلمی تیا نمایش دەکرێت و 250 هونەرمەندی بۆ بانگ کراوە، هونەرمەندەکان و فیلمەکان لای خۆمان و لە 23 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، هەمووی بەسەر یەکەوە 7 رۆژ بەردەوام دەبێت، 5 رۆژیان بەس بۆ نمایشی فیلم داندراوە، ئەو دووەی تر بۆ پانێل و وتارخوێندنەوەو دابەشکردنی خەڵات، فیلمەکانیش لە سیتی سینەما نمایش دەکرێن.

ئەیاد رازی کاتێک قسەی بۆ مایکی 964 کرد زۆر دڵخۆشی دەربڕی، وتی زۆر هاتووە بۆ سلێمانی، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بۆ فێستیڤاڵی فیلم دێت.

کاتێک پەیامنێری 964 وتی بە نیاز نییە بەشداری کارێکی کوردی بکات؟ وتی ”ئەوە فێربوونی زمانی کوردی دەوێت، خۆزگە بمزانیبایە، جا با ئەوەشتان پێ بڵێم من خێزانەکەم کوردەو خەڵکی مەندەلییە، کەچی هێشتا فێر نەبووم”.