رەتی دەکاتەوە

دادگا لەسەر ئەو “ژنە دادوەرەی پیاوەکەی دەرکردبوو” روونکردنەوەی هەیە

964+

ئەحمەد مستەفا

لەسەر لێدوانێکی سەرۆکی یەکێتیی پیاوان، دادگای سلێمانی رایگەیاند، “پاش بەدواداچوونمان دەركەوت هیچ دادوەرێكی ژنی سەر بە ئەنجومەنی دادوەری و دادگای سلێمانی پیاوەکەی لە ماڵی خۆی دەرنەکردووە”.

بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان، کە ئەرکیان بەرگرییە لە مافی پیاوان، لە کاتی راگەیاندنی ئاماری پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵی 2024 بۆ میدیاکان، ئاماژەی بەوەکرد بوو، “دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لە ماڵی خۆی دەركردووە و پێگەكەی وەك دادوەر بەكارهێناوە لەو كارەدا”.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.7.2024، دادگای سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بۆ هەموولایەك رووندەكەینەوە كە دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە دەركەوت، هیچ دادوەرێكی سەر بە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، كاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە”.

دادگاکە دەشڵێت، “بەكارهێنانی نازناوی دادوەر لەلایەن كەسانێكی ترەوە كە پیشەیان دادوەر نییە و سەر بە سەرۆكایەتیمان نین، جگە لەوەی بەرپرسیاریەتیی یاسایی لەسەر خودی كەسەكە دروست دەكات، نابێت ببێتە هۆی لەكەداركردنی ناو و پیشەی پیرۆزی دادوەران”.

بە گوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، لە 1.1.2024 تا 1.6.2024، لە هەرێمی کوردستان 27 پیاو خۆیان کوشتووە و هەشت پیاویش کوژراون.

]پێشتر، بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە 964ی وت، “هەر لەو ماوەیەدا 281 سکاڵاش تۆمارکراوە، جۆرەکانی توندتیژی جۆراوجۆرن، وەک، بێڕێزی، سووکایەتی، تەداخولکردن و کێشەی دارایی کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، چونکە پیاو بەپێی یاسا بەرپرسە لە دابینکردنی ژیانێکی فەراهەمکراو بۆ خێزان”.

دەقی روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی:

روونكردنەوەیەك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە
لە چەند پێگەیەكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بابەتێك بڵاوكراوەتەوە گوایە دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵی خۆی دەركردووە و پێگەكەی وەك دادوەر بەكارهێناوە لەو كارەدا..
بۆ هەموولایەك روون دەكەینەوە كە دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە دەركەوت هیچ دادوەرێكی سەربە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە، وە بەكارهێنانی نازناوی دادوەر لەلایەن كەسانێكی ترەوە كە پیشەیان دادوەر نییە و سەربە سەرۆكایەتیمان نین، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر خودی كەسەكە دروست دەكات، نابێت ببێتە هۆی لەكەداركردنی ناو و پیشەی پیرۆزی دادوەران.
پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن و پێگەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وردتر بن و باشتر بەدواداچوون بۆ هەر بابەتێك بكەن پێش بڵاوكردنەوەی تا تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبن.
بۆ بەرچاوڕوونی هەموولایەك ئەم روونكردنەوەیە بەپێویست زانرا.

یەکێتیی پیاوان: 49 پیاو دەرکراون و 9 موچەش دەستی بەسەردا...

یەکێتیی پیاوان: 49 پیاو دەرکراون و 9 موچەش دەستی بەسەرداگیراوە