سەرۆکی داکۆکی لە پرسی ئەنفاڵ لە گەرمیان:

“رووفاتەکان بە ئاڵای کوردستان داپۆشراون نەک ئاڵای عێراق”

شۆڕش قادری

سەرۆکی داکۆکی لە پرسی ئەنفاڵ لە گەرمیان دەڵێت، ئەو رووفاتانەی ئەمڕۆ لە بەغداوە دەگەڕێندرێنەوە کوردستان بە ئاڵای کوردستان داپۆشراون نەک ئاڵای عێراق.

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی داکۆکی لە پرسی ئەنفاڵ لە گەرمیان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەو وێنانەی بڵاوبووەتەوە لەسەر گەڕاندنەوەی 153 ئەنفالکراو بۆ هەرێمی کوردستان کە بە ئاڵای عێراق داپۆشراون، وانییە، بەڵکو ئەوانە رووفاتی شەهیدانی (بادوشە) لە سنووری موسڵ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وێنەی رووفاتەکانی کوردستانی لایە کە لە پزیشکی دادیی بەغدان و بە ئاڵای کوردستان داپۆشراون.

پێشتر فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی رووفاتەکان کە بە ئاڵای عێراق داپۆشرابوون، رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ شەممە 26.9.2026 رووفاتی 153 ئەنفالکراو دەگەڕێندرێنەوە کوردستان کە ساڵی 2024 لە سەماوە دۆزراونەتەوە.

ئەم رووفاتانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی تەلشێخیە لە پارێزگای سەماوە لە مانگی 12ـی 2024 دەرهێنراونەتەوە، کە دووەمین گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانە لە ناوچەی تەلشێخیە.