چیرۆکى کەین

بەختێکى رەش لە شەوێکى سپى دا

964+

وریا فەتاح

ئەمشەو یارى کۆتایى یۆرۆ بەڕێوە دەچێت، بەڵام پرسیارى سەرەکى ئەوەیە یۆرۆ دەتوانێت بەختى رەشى شازادە هارى کەین سپى بکاتەوە؟

زۆرن ئەو یاریزانانەى لە ژیانى یاریکردنیاندا ئەنجامەکانیان هاوشانى ئاستە بەرزەکەیان نەبووە، بەڵام رەنگە بۆ هارى کەین خراپترین بێت، چونکە سەرەڕاى ئەوەى یەکێکە لە نمونەیى ترین یاریزانەکانى تۆپى پێ، بەڵام نەیتوانیوە هیچ نازناوێک بباتەوە.

رەنگە چیرۆکى شازادە لە لەندەنەوە دەستپێبکات، کاتێک لە مانگى نیسانى 2014 یەکەم تاقیکردنەوەى لەگەڵ تۆتنهام لە پریمەرلیگ دەستپێکرد.

لە وەرزی 2014-2015 ماوریسیۆ پۆچیتینۆ پۆستی راهێنەری یانەی سپێرزی ئینگلیزی وەرگرت، کەین جێگەیەکی لە پێکهاتەی سەرەکی تۆتنهام مسۆگەر کرد، هەروەها دەستیکرد بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی مێژوو.

کەین 7 جار خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی پریمەرلیگی بەدەستهێنا، 6 جار لە تیپی باشترین یاریزانی پریمەرلیگ بوو (لەلایەن کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانەوە هەڵبژێردرا)، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی لە پریمەرلیگی پێبەخشرا.

لەماوەى یاریکردنى لە پریمەرلیگ، هارى 3 جار بوو بە گۆڵکارى پریمەرلیگ و پێڵاوى ئاڵتونى وەرگرت، خەڵاتى باشترین یاریزانى پریمەرلیگى وەرزى 2020 بۆ 2021ـى بردەوە.

ئەو کوڕە بە تۆمارکردنى 280 گۆڵ، بوو بە گۆڵکارى هەموو سەردەمەکانى یانە ئینگلیزییەکە و ژمارەیى پێوانەیى بەناوى ئەوەوەیە.

سەرەڕاى هەموو ئەو مێژوو و ئاستبەرزییە، بەڵام کەین نەیتوانى هیچ نازناوێک لەگەڵ یانە لەندەنییەکە بباتەوە، تەنانەت باشترین دەستکەوتى لە پریمەرلیگ دووەم بوونى بوو لە وەرزى 2016 بۆ 2017، لە چەندین یارى کۆتایى دۆڕاندویەتى کاریگەرترینیان یارى کۆتایى چامپۆنس لیگى 2018 بۆ 2019 بوو.

هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانە تاقەت و برستى لە کەین بڕى، هەر بۆیە بڕیاریدا هەوارگەى یاریکردنى لە لەندەنەوە بەرەو میونشن بگوازێتەوە و چووە یانەى بایرن، بەو هیوایەى لەپاڵ نازناوەکانى ئەو یانەیەدا ناوى خۆى بنوسێتەوە.

بەڵام بەختى رەشى شازادە بەرۆکى یانە باڤارییەکەى گرتوو و دواى زیاتر لە 10 وەرزى پڕ لە نازناو، بایرن بە دەستى خاڵى کۆتایى بە وەرزەکەى هێنا.

ئێستا کەین لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى مێژوویدایە، بە ئاستێکى بەرز و بەختێکى رەشەوە ئەمشەو لەیارى کۆتایى یۆرۆ رووبەڕووى ئیسپانیا دەبێتەوە، لە کۆتاییدا هەمان پرسیار دەکەین بەختى رەشى کەین بەردەوامى دەبێت یان وەک گایەکى ئیسپانى قۆچ لە نازناوەکە گیردەکات و ماتادۆرەکان بێبەش دەکات و بەختى رەشى سپى دەکاتەوە؟.

پێش یەک مانگ فیفا زانیویەتی ئیسپانیا و ئینگلتەرا دەگەن...

پێش یەک مانگ فیفا زانیویەتی ئیسپانیا و ئینگلتەرا دەگەنە یاری کۆتایی