ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت
تووشبووانی شێرپه‌نجه و تالاسیمیا بێ نۆره به‌نزین وه‌رده‌گرن
رێباز یونس – هه‌ولێر
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هه‌رێمی كوردستان رێنمایی داوەتە ئەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، به‌بێ نۆره‌گرتن به‌نزین بدرێت به كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، تووشبووانی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه و تالاسیمیا.
بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نەوت و کانزاکانی هەولێر سالار محه‌مەد، بە 964ی وت، بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشانی تالاسیمیا و شێرپەنجە و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، رێنمایی دراوه بەبێ نۆرەگرتن بەنزینیان پێبدرێت.
وتیشی، به‌ڵام ئه‌وانیش دەبێت کارتی وەرگرتنی بەنزین و ناسنامەی نەخۆشی یان کەمئەندامیان لەلابێت، هه‌روه‌ها خۆیان شۆفێری ئۆتۆمبێل بن و لە کاتی دابەش کردنی بەنزینیشدا سه‌ردانی به‌نزینخانه‌كان بكه‌ن.
رۆژانه له هه‌رێمی كوردستان، به پێی لیست، ژماره‌یه‌كی دیاریكراو به‌نزینخانه، به‌نزینی نۆرماڵ دابه‌ش ده‌كه‌ن، كه نرخه‌كه‌ی بۆ هه‌ر لیترێک 750 دیناره و پاڵپشتیكراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و هەر شۆفێرێک هه‌فتانه 40 لیتری پێده‌درێت.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا