گەشتیاران سەردانی دەکەن
خاوەنی ساردەمەنییەک لە دهۆک شەش تۆن میوەی سروشتی هەڵواسیوە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە گەلی دهۆک ساردەمەنییەک هەیە نزیکەی پێنج ساڵە خاوەنەکەی شەش تۆن میوەی سروشتی هەڵواسیوە و رازاندویەتیەوە، بەهۆی سەرنجراکێشی شوێنەکە هاوڵاتیان و گەشتیاران سەردانی دەکەن و وێنەی یادگاری دەگرن.
خاوەنی ساردەمەنیەکە، شوێنێکی تایبەتی دیزاینکردووە و چەند ستوونی دروستکردووە، هەر ستوونێک زیاتر لە 900 کیلۆ میوەی سروشتی پێوەیە، لەو شوێنە دەبێت پلەی گەرما لە شەش پلەی سیلیزی بەرزتر نەبێت بۆ ئەوەی میوەکان تێکنەچن.
ئەو میوانەی بەکارهیێناونپێکدێن لە پرتەقال، لیمۆ، ئەڤۆگادۆ، ئەنەناس و سێو بە هەرسێ رەنگەکەی. بەڵام هەر سێ مانگ جارێک میوەی سروشتی دەگوڕێت بۆ ئەوەی هەر جوان بمێننەوە.
لاوین محەمەد ئەمین، خاوەنی ساردەمەنی جوان لە گەلی دهۆک بە 964ـی وت،”دوای گەڕانەوەم لە دەرەوەی وڵات کە بۆ خوێندنی ئەندازیاری نەوت روشتبووم، بیرۆکەی ئەوەم بۆدروستبوو کە شتێکی جیاواز بکەم، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران بتوانن سەردانی ساردەمەنیەکە بکەن و هەست بە جیاوازیی و سەرنج راکێشیەکەی بکەن”.
وتیشی، سێ مانگ پێش کردنەوەی ساردەمەنیەکەم، ئەو کارەم کرد دانانی ستوونی میوەی سروشتی کە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.
بەقسەی خاوەنی ساردەمەنیەکە، میوەی خوماڵی خۆمان بۆ ئەم مەبەستە گونجاو نییە و زوو تێکدەچن و میوە بیانییەکان زۆر گونجاون، بەڵام دەبێت شوێنەکە سارد بێت، و نابێت پلەی گەرمی ژوورەکە لە شەش پلەی سەدی زیاتر بێت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 150 شوێنی ساردەمەنی هەن، بەڵام تەنیا ئەم ساردەمەنیە بەشێوەیێکی جیاواز ساردەمەنی خۆی رازاندووەتەوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش