بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی تەنیوە

خۆڵ و خاشاکی سیتەک دانیشتووانەکەی هەراسان کردووە


ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

سیتەک؛ ناوچە گەشتیاری و دڵڕفێنەکەی سلێمانی خەریکە زبڵ و خاشاک دایدەپۆشێت، دانیشتووانی ناوچەکە گلەییان هەیە و چەند چێشتخانە و دوکانێکیش لە بێ وەزعیدا داخراون.

ناحیەی سیتەک سەرەتا ئەوەندە فراوان نەبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە باخ  و باخات لەلایەن دانیشتووانی سلێمانییەوە دروستکراون و گەورە بووە، بۆیە کارمەندانی ژینگەپارێز فریای کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی هەموو ناوچەکە ناکەون.

ئەکرەم عوسمان دوکاندارە لە ناوچەکە و بە 964ـی وت، “دوکان و چێشتخانەکانی نزیک خۆڵ و خاشاکەکە، لەبەر ناخۆشی بۆنەکەیە کە داخراون و ناکرێنەوە، خاوەن باخیش هەیە بەهۆی ئەم زبڵ و خاشاکەوە، باخەکەی بە نیوەناچڵی بەجێهێشتووە”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ ئیسماعیل ئەحمەد بەڕێوبەری ناحیەی سیتەک کرد،  ئەو دەڵێت، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان، وتیشی، سەرەتا سیتەک بەوشێوەیە فراوان نەبوو، تاوەکو ئێستاش تەنیا 19 کرێکار و چوار ئۆتۆمبێلیان هەیە و پێوستیان بە نزیکەی 60 کرێکار و 20 ئۆتۆمبێلی زبڵ رشتن هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی خۆیدا و بە باشی ناوچەکە خاوێن بکەنەوە.

پێداچوونەوە: شانیا بێستون