دیمەنی بەنداوی دوکان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەرنامەرێژی هەیە
وەک بەنداوی دەربەندیخان دوکانیش لە پاشماوە پاکدەکرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
تیمەکانی پارێزەرانی ئاوی عێراق و دامەزراوەی ڤیم سەردانی قەزای دوکانیان کردووە و چوونەتە سەر بەنداوی دوکان، “تێبینی ئەوەیان کردووە هاوشێوەی دەربەندیخان لە بەنداوی دوکانیش پاشماوە کۆبوەتەوە”.
دواتر تیمەکەیان فراوان کردووە و دەستیان بە دانای پلان کردووە بۆ پاککردنەوەی.
بنوار رزگار، ئەندامی تیمی رێکخەرانی پارێزەرانی ئاو لە عێراق ئەوەی بە 964 وت، “ئامانجی سەردانەکە بۆ پلاندانان بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و پاککردنەوەی پاشماوە سەر ئاوکەوتووەکان لە بەنداوی دوکان، هەروەها سنوردارکردنی بەکارهێنانی جێتسکی لە دەریاچەکە”.
بە قسەی بنوار، “ئەوەی لە سەر رووی ئاوەکە بینراوە، زیاتر پاشماوەی پلاستیک و دەبە بووە، بەڵام بەراورد بە بەنداوی دەربەندیخان رێژەکەی کەمترە”.
ئەوە لە کاتێکدا دوای پێنج رۆژ کارکردن، رۆژی 28.4.2024، کارەکانی خاوێنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان کۆتایی ھات و نزیکەی 250 تۆن زبڵ و پاشماوەی پلاستیکی سەرئاو کەوتووی بەنداوەکە کۆکرایەوە، ھەردوو رێکخراوی ڤیم فاوەندەیشن و سروشتی کوردستان، خۆبەخشانە پاککردنەوەی بەنداوەکەیان لەئەستۆ گرتبوو.
لە بارەی بەکارهێنانی بەلەمی جێتسکی لە ئاوی دوکان پێشتر، رێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق، دەستی بە راگەیاندنی هەڵمەتی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ماتۆڕە کارەباییەکان “جێتسکی” کرد لە دەریاچەی دوکان، بتوێن، و رووبار و سەرچاوەکانی ئاوی شیرین.
ئەویش بە واژۆی ئەلیترۆنی، کاتێک لینکە ئەلیکترۆنییەکە دەکەیتەوە بۆ واژۆکردن نوسراوە، “بەخێربێن بۆ فۆڕمی کەمپەینەکەمان کە رێکخراوە لە لایەن پارێزەرانی ئاوی عێراق بە هاوکاری چالاکوان و ژینگەپارێزانی دوکان، ئامانج لەم فۆڕمە کۆکردنەوەی واژۆیە بۆ ناڕەزایی دەربارەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی (جێتسکی) لەسەر ژینگە و ئەو مەترسیانەی کە بۆ گەشتیاران و مەلەوانان و بەکارهێنەرانی دروستی دەکەن”.
دیمەنی بەنداوی دوکان؛