نزیکەی 50 کاتژمێر کارەبا لای مۆلیدەکانی سلێمانی ماوە و ئەگەر بەکارنەیەت سفر دەکرێتەوە
کاتژمێرە ماوەکانی مۆلیدە لە مانگی نۆدا دەفەوتێن
رازاو محەمەد – سلێمانی
نزیکەی 50 کاتژمێر لە بەشەکارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لای هاوڵاتییان ماوەتەوە و تەنیا تا یەکی مانگی نۆ مۆڵەتی بەکارهێنانیان هەیە، ئەگەرنا دوای ئەو بەروارە کاتژمێرەکان سفر دەبنەوە و بۆ مانگی نوێ پارەی نوێ لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت.
ئارام رەحیم، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رێکەوتنی پێشوویان بۆ 45 شەو بووە و لەو ماوەیەدا بڕیاردرابوو 125 کاتژمێر کارەبا بە نرخی هەشت هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک بدرێت، بەڵام تا ئێستا تەنیا 60 بۆ 80 کاتژمێر کارەبا دراوە و ئەوەی ماوەتەوە کە نزیکەی 50 کاتژمێرە پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کێشەکانی کارەبای نیشتمانی لە مانگی رابردوودا ئەو بڕیارەیان داوە، بەڵام هەرکاتێک ئەو کاتژمێرە دیاریکراوانە تەواو بوون، رێکەوتنی نوێ بۆ مانگی داهاتوو دەکرێت، جەختیشی کردەوە کە ئەو کاتژمێرە ماوانە تەنیا بۆ مانگی هەشتە و ناگوێزرێتەوە بۆ مانگی داهاتوو.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر