"بۆیان ناکرێتەوە"

هۆشدارییەک بۆ جوتیاران: ئاگاتان لە پشتگیریی وەرگرتنی گەنمەکەتان بێت

964+

پێشەوا محەمەد

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بەڕێوەبەرێکی کشتوکاڵ دەڵێت، هەر جوتیارێک ئەو پشتگیرییە ون بکات بۆ وەرگرتنی گەنمەکەی بۆی دەکرێت جارێکی دیکە بۆی ناکرێتەوە.

ئەمڕۆ لە 11 سایلۆ گەنم وەردەگیرێت و هەر جوتیارێک بەر لە بردنی گەنمەکەی بۆ سایلۆی سنووری خۆی، پێویستە پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ناوچەکەی خۆی پێبێت.

زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان بە 964ـی راگەیاند، لە سایلۆکان بەو پشتگیرییە گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت، هەر جوتیارێکیش ونی بکات دووبارەکردنەوەی نییە و گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت.

وتیشی، “هەروەها گۆڕینی ناویش نییە لە پشتگیرییەکەدا، چونکە روویداوە جوتیار هاتووە وتوویەتی پشتگیرییەکەی ون کردووە و دواتر بە هەردووکیان گەنمی رادەست کردووە لە ساڵانی رابردوودا”.

بەپێی رەزامەندیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت، عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت.

ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کوردستان کراوە

ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کوردستان کراوە