زبڵ و پیسی لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی بنگرد لە ئیدارەی راپەڕین
"پاشماوەی گەشتیاران زیانی بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە"
سەرۆکی شارەوانی قەرەداغ داوا لە گەشتیاران دەکات ژینگەی سەیرانگاکان بپارێزن
ژێوار خدر
سەرۆکی شارەوانی قەرەداغ داوا لە گەشتیاران دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا بکەن، دلیڤا عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە کە نابێت رێگە بدرێت سروشتی رەنگینی قەرەداغ بەهۆی پاشماوەی خۆڵ و خاشاکەوە بشێوێت و پێویستە هەمووان هاوکار بن لە پاکڕاگرتنی سەیرانگاکاندا.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، دلیڤا عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی قەرەداغ رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکان کراون و زبڵدان و تابلۆی هۆشیاری لە شوێنە گشتییەکان دانراون، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران پابەندی رێنماییەکان نین، ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕێدانی پاشماوەکان بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو و زیانی بە جوانیی ناوچەکە گەیاندووە.
دلیڤا عەبدوڵا رووی دەمی دەکاتە گەشتیاران و دەڵێت: “تکایە بە فڕێدانی پاشماوەکان، ئەرکی ژینگەپارێزان سەختتر مەکەن کە بەردەوام لە خزمەتکردنی ناوچەکەدان.”
داواش دەکات هەموو کەسێک رۆڵی هەبێت لە پاراستنی ژینگە و بەو شێوەیە مامەڵە بکەن کە خزمەت بە سەقامگیریی سروشتی قەرەداغ بکات.