کەشتییەکان رادەکەن

گەمارۆی هورمز تەنگی بە هەناردەی نەوتی تاران هەڵچنیوە

964+

ژێوار خدر

دەریای عومان و گەرووی هورمز بوونەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی توندی دەریایی و “کەشتییەکانی سێبەر”ی ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدان. هێزی دەریایی ئەمریکا رێڕەوەکانی توند کردووە و رێگری لە هەر هەوڵێک دەکات کە بیەوێت گەمارۆ ئابوورییەکان بشکێنێت، ئەمەش وایکردووە جووڵەی تانکەرە نەوتەکان لە ناوچەکەدا تووشی پەککەوتن ببێت.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو تۆڕە کەشتییەی یارمەتی ئێرانیان دەدا بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، ئێستا لەگەڵ زیادبوونی دەورییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری بەندەرە ئێرانییەکان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە، رۆژنامەکە وەک نموونە باسی کەشتییەکی چینی کردووە کە دوای 10 رۆژ لە ونکردنی شوێنەکەی، کاتێک لە گەرووی هورمز هاتووەتە دەرێ و رووبەڕووی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بووەتەوە، بە ناچاری رێڕەوەکەی گۆڕیوە و گەڕاوەتەوە.

ئەم توندکردنەوەیەی گەمارۆکان لە گەرووی هورمز، مەبەست لێی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تارانە و رێگریکردنە لەو کەشتییانەی کە بە نایاسایی نەوت دەگوازنەوە. لە ئێستادا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێری جووڵەی تانکەرەکان دەکەن و هەر کەشتییەک گومانی تێدابێت یان بیەوێت رێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات، رێگری لێ دەکرێت و ناچار بە پاشەکشە دەکرێت.

"لە گەمارۆدانی گەرووی هورمز بەشداریی ناکەین"