هونەرمەندی شێوەکار عەلی تازەدێیی
“بەدەستم بێت تابلۆی نوگرە سەلمان بۆ هەر ماڵێکی کورد دروست دەکەم”
+964
میلاد جەلال -گەرمیان
لە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە لە گەرمیان، ئەمڕۆ هونەرمەندی شێوەکار عەلی تازەدێی ژمارەیەک تابلۆی نوێی نمایش کردووە و دەڵێت، ھەموو ساڵێک پێشانگای شێوەکاری تایبەت لە یادی کارەساتی ئەنفال دەکەمەوە .
عەلی تازەدێیی شێوەکار بە 964ی وت،”ئەمساڵ 21 تابلۆم ھێناوەتە مەزارەکە و نمایشم کردووە، ھەموو ساڵێک بەشدار دەبم”.
وتیشی، بەدەستم بێت تابلۆی نوگرە سەلمان بۆ هەر ماڵێکی کورد دروست دەکەم، چونکە کورد نابێت ئەو کارەساتە لەبیر بکەن و و نەوەی نوێیش بزانن چیمان بەسەر هاتووە.
“ساڵانە تابلۆی نوێ دەکێشم بۆ یادی ئەنفال، نزیکەی دوو مانگ پێش یادەکە دەست بە کێشانی تابلۆکانم دەکەم”، عەلی تازەدێیی وای وت.
ئەمڕۆ لەیادی 38 ساڵەی کارەساتی ئەنفال، هاوڵاتیان و کەسوکاری ئەنفالکراون لە گەرمیان، بۆ یادکردنەوەی کارەساتەکە سەردانی مەزاری دێبنە دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا