دروستبوونى 3 سانتیمەتر پێویستى بە 1000 ساڵە
لە هەر پێنج چرکەیەکدا بە قەبارەى یاریگایەکى تۆپى پێ زەوى تێکدەچێت
وریا فەتاح
هەر ساڵەو لە وڵاتێک یادى رۆژى جیهانى ژینگە بەڕێوە دەچێت، رۆژى ژینگەى 2024 گرنگی بە بنیادنانەوەى زەوی و وەستاندنی بیابانبوون و بنیاتنانی توانای خۆڕاگری وشکەساڵی دەدات، شانشینی سعودیە میوانداری چاپی ئەمساڵە.
رۆژى 5 حوزەیرانى هەمووساڵێک، رۆژى جیهانى ژینگەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵى 1972 رۆژێکى تایبەتیان بۆ ژینگە دیاریکرد، ئەوەش بەهۆى ئەو مەترسییانەى روبەڕوى ژینگە جیهانى بوەتەوە.
کشتوکاڵ کردنى نازانستى و دارستان بڕین و شارنشینى و چەندین کردارى دیکە، خەریکە جۆراوجۆری بایۆلۆجی زۆرێک لە ئیکۆسیستەمی زەوی کەم دەکەنەوە و تێکى دەدات.
وەک ئەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان باسى دەکات لە ئاستی جیهانیدا هاوتای یەک یاریگای تۆپی پێ خاک لە هەر پێنج چرکەیەکدا تێکدەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەزار ساڵ دەخایەنێت بۆ بەرهەمهێنانی 3 سانتیمەتر خاکی سەرەوەى زەوى.
ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن کە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان تێیدا نیشتەجێیە، رووبەڕووی زیادبوونی کاریگەرییەکانی فشاری ئاو و تێکچوونی زەویى بووەتەوە، ئەمانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە دروست دەبن، لەوانە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، پیشەسازی و شارنشینی خێرا و گۆڕانی کەشوهەوا کە خەریکە وشکەساڵی خێراتر دەکات.
زۆرینەی خەڵکی ئاسیا و زەریای هێمن لە شارەکاندا دەژین، لەگەڵ زیادبوونی شارنشینی پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی فشاری ئاو و وشکەساڵی شارەکان زیاد بکات.
شارەکان زیاتر لە نیوەی پاشماوەی جیهانی و لانیکەم لەسەدا 60ـی دەردانی گازی گەرمخانەیی بەرهەمدەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی رێڕەوی ئاوەکان و زیاتر کەمکردنەوەی ئاوی شیرینی بەردەست.
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئیکۆسیستەم 2021-2030، لەگەڵ هاوبەشەکانى خەریکی دۆزینەوەى چارەسەرن بۆ بوژاندنەوەی ئیکۆسیستەمەکان لە سەرانسەری جیهان، لەنێویاندا لە ئاسیا و زەریای هێمن، بۆ زیادکردنی خۆڕاگری لە وشکەساڵی و کەشوهەوا و کەمکردنەوەی تێکچوونی زەوی.
بەپێی رێککەوتنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی بەبیابانبوون 40%ـی هەسارەی زەوی تێکچووە و ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نیوەی دانیشتوانی جیهان هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی و2000ـەوە تائێستا وشکەساڵی بەڕێژەی زیاتر 29% زیادیکردوە و رەنگە تا ساڵی 2050 ئەو مەترسییەو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان دروست بکات.