خانمێکی كەلاری لە سلێمانی
حەوت ساڵە لە دوکانێکی پڕ لە گوڵدا مریشک دەفرۆشێت
رازاو محەمەد – سلێمانی
مەهاباد حسێن خانمێکی خەڵکی کەلارە و لە سلێمانی دادەنیشێت، حەوت ساڵە لە دوکانێکی پڕ لە گوڵدا مریشک سەردەبڕێت و دەیفرۆشێت و دەڵێت، هەر مریشک نا ئاژەڵیش سەردەبڕم و سەروپێش چاک دەکەم
مەهاباد، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئەم کارە حەزی خۆم بووە و ئیشێکی زۆر باشە، هەرگیز بێ پارە نابی و رۆژانە لە کاتژمێر حەوتی بەیانی هەتا حەوتی ئێوارە لەدوکانەکەمدا خەریکی کارم وهەر خۆیشم مریشکەکان سەردەبڕم .
دوکانەکەی مەهاباد پڕیەتی لە گوڵوگوڵزار و کڕیارەکانی بۆنی ناخۆشی مریشک ناکەن، بەڵکو بۆنی خۆشی گوڵەکان ژینگەیەکی پڕ لە جوانی دروست کردووە و فەڕشێکی خاوێنیشی بۆ مریشکەکان راخستووە، کە نیشانەی دەستڕەنگینی و رێزگرتنیەتی لە پیشەکەی و کڕیارەکانی.
ئەو لە پاڵ فرۆشتنی مریشکدا، قەل، قاز، مراوی و سەروپێش چاک دەکات و دەڵێت، نرخی چاککردنی سەروپێ تەنیا 10 هەزار دینارە و قەلیش لە پێنج هەزارەوە تا 10هەزار دینارە بەپێی کێشی پەلەوەرەکە دەگۆڕێت.
خاتوو مەهاباد کەشوهەوایەکی تایبەتی لەناو دوکانەکەی بۆ کڕیارەکانی دروستکردوەو دەڵێت ژنان دێن دادەنیشین چاو قاوە دەخۆینەوە جار هەیە سەروپێشیان بۆ ئامادەدەکەم و پێشکەشیان دەکەم.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر