لە حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان

بۆ ماوەی سێ رۆژ وەرگرتنی پۆلیسەی شەحن لە بارهەڵگرەکان رادەگیرێت

964+

پێشەوا محەمەد

بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕیاری کارکردن بە “پۆلیسەی شەحن” بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەر بارهەڵگرێک لە ئێرانەوە بهاتایەتە ناو خاکی هەرێمەوە بڕی 15 هەزار دیناری لە لایەن کۆمپانیایەکەوە لێوەردەگیرا، کە حکومەتی عێراق داینابوو، ئەوەش ناڕەزایەتیی دروستکردبوو و بارهەڵگرەکانی ئێران هیچ بارێکیان نەدەهێنایە مەرزەکانی، باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران.

بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم، کە کۆپییەکەی دەست 964 کەوتووە و بەرواری ئەمڕۆ سێشەممە 28.5.2024ـی بەسەرەوەیە ئەوەشی تێدا هاتووە، راگرتنی پۆلیسەی شەحن بۆ ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتەکە لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق تاوتوێ بکات.

964 لە سەرچاوەیەکی دەروازەی باشماخەوە دەزانێت، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، شۆفێرانی بارهەڵگری ئێران بڕی 15 هەزار دیناری عێراقییان بە زۆر زانیوە و ئیدارەی مەرزەکانیش لە دیوی ئێرانەوە پشتگیریی ناڕەزایەتیی بارهەڵگرەکانیان کردووە.

هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیکەی 650 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، حەوت دەروازەی سنووریی لەنێوانیان هەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.

دەروازەی باشماخ نۆژەندەکرێتەوە

دەروازەی باشماخ نۆژەندەکرێتەوە