عەبودی بە قالیبافی وتووە:

“دەستووری عێراق رێگە نادات گروپە چەکدارەکان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکەن”

فەرهاد حەسەن

قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە دیداری لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا پێی وتووە، دەستووری عێراق رێگە نادات گروپە چەکدارەکان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکەن و جەختیشی لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و تاران تاوتوێ کراون.

لەو کۆبوونەوەیەدا پەیامی عێراق روون و رەوان بووە بە لایەنی ئێرانی، کە “چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا دەبێت” و وتوشیەتی کە حکومەتەکەی زەیدی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

عەبوودیش چەند خاڵێکی گرنگی خستە ڕوو، لەوانە پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران مێژوویی و پتەوە و سەقامگیریی عێراق بەشێکە لە سەقامگیریی ناوچەکە، باسی لەوەشکردووە کە دەستووری عێراق بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات گروپی چەکدار لە ناو خاکی عێراقدا هەبن کە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکە.

لای خۆیەوە، محەمەد باقر قالیباف رایگەیاند، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ بەرنامەی حکومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەت لە مەسەلەی رێکخستنی چەک لە چوارچێوەی یاسا و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا.

ئەوەشی دووپاتی کردووەتەوە، کە ئێران پابەندە بە هەموو ئەو رێککەوتننامە ئەمنییانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.