بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان

ئەو کرێکارانەى ناو شارى رانیە پاک دەکەنەوە 60 هەزارەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

ژمارەیەک کرێکارى کۆمپانیاى پاککەرەوەى راپەڕین، بەهۆى ئەوەى بڕى 60 هەزار دینار لە موچەکەیان بڕدراوە ناڕەزایەتى دەردەبڕن و بڕیار دەدەن نە موچەکانیان وەربگرن نە کار بکەن، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاش لە 964ـەوە دەڵێت، پارەکەیان بۆ دەگێڕینەوە.

لە ماوەى رابردوودا بەهۆى دواکەوتنى موچەکانیان بەشێک لەو کرێکارانە بایکۆتیان راگەیاند و نەچوونەوە دەوام، بەڵام کاتێک ئەمڕۆ موچەیان وەرگرتووە لەلایەن کۆمپانیاوە بە نەهاتوو سزادراون، پارەیان بڕدراوە.

964 سۆراغى ئەو کێشەیەى کرد، یەکێک لەو کرێکارانە  وتی “ژمارەمان 17 کرێکارە، لە مانگی دوو چەند رۆژێک مانمان گرت وەکو ناڕەزایەتییەک دژى دواکەوتنى موچەکانمان، بۆیە ئەمڕۆ کە موچەکەمان وەرگرت پێیان وتین لەبرى ئەو رۆژانەى بایکۆتتان کردووە 60 هەزار دینار لە موچەکانتان بڕدراوە”.

وەک ئەو کرێکارە باسى دەکات، ئەوان لەبەر دواکەوتنى موچە بایکۆتیان کردووە نەک بە ئەنقەست کارەکانیان راگرتبێت.

سەردار ئیبراهیم، چاودێری ژینگەپارێزانى رانیە بە 964ـی راگەیاند، ئەو کرێکارانە لە مانگی دووەوە بێ کێشە لە کاتی خۆیدا موچەکانیان وەردەگرن، ئەو موچەیەى کە ئەمڕۆ وەرگیراوە هی مانگەکانی پێشووترە کە دواکەوتبوو.

روونیشیکردەوە، تەنیا چەند کرێکارێک موچەکانیان لێبڕاوە و ئەوانەی تر بە تەواوەتی وەريان گرتووە.

964 کێشەى ئەو کرێکارانەى بردە بەردەم بەهجەت حەمە رەزا، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بێڤان کە کۆمپانیاى پاککردنەوەى ناوشارى رانیەیە، ئەو وتى “موچەی هیچ کرێکارێک دوا نەکەوتووە و تەنیا دوو سێ کرێکار چەند رۆژێک دەوامیان نەکردووە و بەهۆی ئەوەوە بەشێک لە موچەکانیان بڕاوە، بەڵام ئێستا بڕیارمانداوە ئەو بڕەشیان بۆ بگەڕێنینەوە و موچەکەیان بە تەواوی بۆ خەرج بکەین”.

بڕیارە لەمشەوەوە کرێکارەکان دەست بە ئیشکردن بکەنەوە و سبەینێش کۆمپانیاکە پارەى ئەو کرێکارانە خەرج بکات کە لە موچەکانیان بڕدراوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ماوەی سێ رۆژە سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە پاکنەکراون...

ماوەی سێ رۆژە سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە پاکنەکراونەتەوە