ئەمڕۆ دەستیپێکرد
ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی رۆژانە ملیۆنان دۆلار زەرەر دەکات
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ دووشەممە 13.4.2026 ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستەسەر بەندەرکانی ئێران و بە 15 کەشتی سەربازی دەوروبەری ئاوەکانی ئێرانی لە گەرووی هورمز گرتووە.
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە هەر کەشتییەک لە ئێران نزیکبێتەوە پەلامار بدرێت.
ئەم بڕیارە وادەکت ئێران بەهۆی گەمارۆیەکەوە زیانی زۆر بکات.
مەیاد مالیکی شارەزای ئابووری لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئێران رۆژانە 435 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت، کە مانگانە کۆی زیانەکانی 13 ملیار دۆلار دەبێت.
باسی ئەوەش دەکات، 90% بازرگانیی دەرەوەی ئێران لە رێی ئاوی کەنداوەوەیە، کە کۆی ئاڵوگۆڕەکە دەگاتە 109.7 ملیار دۆلار
هەروەها ئێران رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، داهاتەکەی 139 ملیۆن دۆلاری رۆژانەیە، هەرچەندە بەشێکی داهاتەکەی بەهۆی سزاکان و رێوشوێنی بانکی ناگەڕێتەوە دەستی حکومەتی تاران.
بێجگە لەوە، 92%ی هەناردەی نەوتی خامی لە دوورگەی خارگەوەوەیە، کە دەکەوێتە کەنداو.
ئێران لە زۆر بواری دیکەی بازرگانی و نانەوتی زیانی زۆر دەکات، ئەمەش فشاری ئەمریکایە بۆ ناچارکردنی ئێران بە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەروەها کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر رێڕەوەکە هەبێت.