نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاریی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی - وێنە: 964
بۆچی ناوبەناو دەرزییەکە نامێنێت؟
هەفتەی داهاتوو دەرزیی گەشە لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بەردەست دەبێت
964+
پێشەوا محەمەد
نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتووەوە دەرزیی گەشەیان هەیە و ئەوانەی بۆیان نووسراوە دەتوانن وەریبگرن و بەکاریبهێنن.
نەخۆشخانەکە ئەو دەرزییەی لە شاری بەغداوە بۆ دێت، ناوبەناو بۆ ماوەی دوو هەفتە، مانگێک و هەندێ جار زیاتریش پێیان ناگات و بەوەش ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی دەبێت چاوەڕێ بکەن تا دەرزییەکە دەنێردێت.
“نزیکەی 600 منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان پێویستیان بەو دەرزییەیە و رۆژانە 70 دەرزی بەکاردەهێنین”، ئەوە قسەی یەکێک لە پزیشکە پسپۆڕەکانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکارییە لە سلێمانی بۆ 964، کە نەیویست ناوی بهێندرێت بەهۆی رێگەپێنەدانیان بە قسەکردن.
وتیشێ، “لە نەخۆشخانەکە ئەو دەرزییە بێبەرامبەر دەدرێت بەو منداڵانەی پێویستیان پێیەتی و منداڵی وا هەیە مانگانە پێویستی بە پێنج دەرزی هەیە”.
بە پێی بەدواداچوونێکی 964، دەرزیی گەشە لە دەرمانخانەکانیشدا دەستدەکەوێت و نرخی هەر دانەیەک بە زیاتر لە 100 هەزار دینارە.