بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر قسەی کرد

“سێ برینداری رووداوەکەی کەسنەزان تەندوستییان ناجێگیرە”

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، سێ لە بریندارانی رووداوە هاتوچۆکەی لای کەسنەزان باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئێستا لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا چاودێری دەکرێن.

لە رووداوەکەدا کە یەک کەس گیانی لەدەستدا و حەوت کەس برینداربوون، پێنج بریندار لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگارین، لەنێویاندا کەسێک باری تەندروستیی ناجێگیرە، هەروەها دوو برینداری دیکەش کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بووە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کراون.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بۆ نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندن وتی، ئەوەی کە پێویست بووە لە نەخۆشخانەی رزگاری دەمودەست هەمووی بۆ بریندارەکان کراوە.

لەبارەی جۆری برینی یەکێک لە بریندارەکان، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر وتی، یەکێکیان بەهۆی رووداوەکەوە سەری ئازاری پێگەیشتووە و لە هەمان کاتدا سووتانیشی هەبووە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.8.2026 لە دووسایدی کەسنەزان لە هەولێر بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە، جگە لە زیانی ماددی زۆر، رووداوەکە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.