لە بەردەڕەش

کەسێک لەنێو مزگەوتدا بە چەکوش بریندار کرا

زەید کۆچەر – دهۆک

ئەمرۆ شەممە 18.5.2024 لە مزگەوتی کۆنی بەردەڕەش لە سەنتەری قەزاکە دوو کەس چوونەتە ناو مزگەوتێک و بە چەکوش هێرشیان کردووەتە سەر کەسێک و بەسەختی برینداریان کردووە.

رووداوەکە لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی عەسر روویداوە و بریندارەکە لە نوێژکردندابووە کاتێک هیرشی کراوەتە سەر.

نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، کەسێکی تەمەن 38 ساڵ بە ناوی” سوهەیب عسمەت” خەڵکی قەزای بەردەڕەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی ئاکرێ و زەبر بەر سەری کەوتووە و بە چەکوش لێیدراوە و یەکسەر بە ئەمبوڵانس گەیێندراوەتە ئاکرێ.

وتیشی، ئیستا دۆخی تەندروستی ئەو کەسە باشە و هیچ مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە، بەڵام لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و لەژێر چاودیری پزیشک دەبێت، تاوەکو چارەسەری تەواو وەردەگرێت.

شایەتحاڵێکی رووداوەکە کە لەوکاتەدا لەناو مزگەوتەکە بووە ناوی لای 964 پارێزراوە دەڵێت، ئەو کەسەی لێی دراوە لە ریزی دووەمی نوێژخوێنان بووە و کەسەکان کە لێیان داوە یەکسەر هەڵاتوون.

عمید سەعدی بەرزنجی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە 964ـی وت، هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو رووداوە نییە.