بەرهەمی هێلکە - وێنە: 964
عێراق رێکارى نوێ دەستپێدەکات
نرخى هێلکە لە بازاڕدا بەرزە؛ هێشتا خواست لە خستنەڕوو زیاترە
وریا فەتاح
لەماوەى رابردوودا نرخى هێڵکە لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرز بووەوە، هەرچەندە دواتر وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند کە نرخى هێلکە دابەزیوە، بەڵام وادیارە ئەوە تەنیا قسە بوو، چونکە هێشتا نرخەکەى لە بازاڕدا بەرزە و سێ هێلکە و چوار هێلکە بە هەزار دینارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.6.2026، مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “داواکاری لەسەر هێلکەی خواردن لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا هێشتا لە قەبارەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاترە”، هۆکاری ئەمەش بۆ “دابەزینی بەرهەمی زۆربەی ئەو پڕۆژە تایبەتمەندانە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنانەوە، بەتایبەت نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی تووشی بوون”.
جبورى وتوشیەتى، “وەزارەت رێگەی بە هاوردەکردنی هێلکەی خواردن لە دەرەوە داوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە وڵاتانی دراوسێ و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانیان، بووەتە هۆی رێگری لە هاتنە ناوەوەی بڕی پێویستی هێلکەی هاوردەکراو بۆ عێراق”.
روونیشى کردووەتەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ لە ئێستادا رووی لە هاندانی خاوەن پڕۆژەکانی هێلکەی خواردن کردووە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیان، هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو نرخە فەرمییەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وزاری بۆ کاروباری ئابووری پەسەندکراوە، لەگەڵ بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەوەی نرخە دیاریکراوەکان تێنەپەڕێندرێن.
وەزارەتەکە کۆمەڵێک رێکارى گرتووەتەبەر بۆ ئەوەى خستنەڕووى هێلکە زیاد بکات ئەوەش لە رێگەى:
یەکەم: کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا.
دووەم: چاندنى بەرهەمە ئالیکییەکانى وەک گەنمەشامى زەرد و فاسۆلیاى سۆیا، ئەمەش وەک بەهێزکردنى بەرهەمى ئالیک لە ناوخۆدا.