تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی
ترەمپ داوای کردووە چەند خاڵێکی رێکەوتنەکەی لەگەڵ ئێران هەموار بکرێتەوە
فەرهاد حەسەن
سهرچاوه ئهمریكییهكان ئاشكرایان كردووە، دۆناڵد ترهمپ سهرۆكی ئهمریكا داوای ههمواركردنی رهشنوسی رێكهوتنی نێوان وڵاتهكهی و ئێران كردووه، بەتایبەتیش ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ماڵپهڕی ئاکسیۆس بلاویکردەوە، ترەمپ هێشتا ئامادەیە ئەو رێککەوتنە بکات و پێشبینی دەکات بەو نزیکانە رێکەوتنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام هەوڵدەدات هەندێک لە بڕگەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران توندتر بکاتەوە پێش ئەوەی رەزامەندی کۆتایی خۆی پێبدات.
سەرچاوەکان دەڵێن، هەموارکردنە پێویستەکان بە پلەی یەکەم لەسەر میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوەیە، لەوانەش وردەکارییەکانی گواستنەوەی ماددە ئەتۆمییەکان و کاتی جێبەجێکردنی رێکارە پەیوەندیدارەکان.
ترەمپ داوای ئەوەشی کردووە، پێداچونەوە بە هەندێک لە وشەکانی تایبەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز بکرێت، لەکاتێکدا واشنتن و تاران بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی تێبینی لەسەر رەشنوسی کۆتایی.
ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە دەشڵێت، دۆناڵد ترهمپ لە ژووری تایبهت به كۆبونهوهكان له کۆشکی سپی کۆبونەوەیەکی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی رێکەوتنەکە، بەرپرسێکی ئەمریکیش دوای کۆبونەوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە سەرۆک ترهمپ “تەنیا رێکەوتنێک دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات و دڵنیابێت لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت”.
ئەو رەشنوسەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، تیایدا بەڵێننامەیەک بە ئێران پڕدەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات و ماوەی 60 رۆژیش بۆ دانوستاندن لەسەر وردەکارییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەنگاوەکانی سوککردنی سزاکانی ئەمریکا داندراوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەڵێت، واشنتن پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتودا وەڵامی ئێرانی وەربگرێتەوە، ئیدارەی ئەمریکاش ئامادەیە بەردەوام بێت لە دانوستان تا ئەو مەرجانەی ترەمپ دایناوە.