دوو دەرزی کیمیایی وەرگرتووە

پەرواز حسێن: حاڵم باش نییە، بەڵام دەستم کردووە بە وەرگرتنی چارەسەر

+964
پەرستۆ ساڵح

بۆیەکەمجار دوای ئاشکراکردنی نەخۆشییەکەی پەرواز حسێن قسەی بۆ 964 کردو دەڵێت: حاڵم باش نییە، بەڵام دەستم کردووە بە وەرگرتنی چارەسەر.

پەرواز خۆیشی ماوەیەکی زۆر نییە بە نەخۆشییەکەی زانیوە، ئێستا بۆ چارەسەر لە ئەڵمانیایە، پێشتریش باوکی تووشی شێرپەنجە بووەو سەلامەت لێی دەرچووە.

ماوەیەکی زۆرە پەرواز دیار نییە، نە ئاهەنگ و نە گۆرانی نوێ و نە پرۆگرام، چوارشەممەی رابردوو 15.05.2024 هۆکارەکەی ئاشکرا کردو وتی ”تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووم”.

خەڵکێکی زۆر بۆ ئەم هەواڵە بە داخ بوون و دوعای خێریان بۆ کرد، بەشێکیش لە هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕی لەشەڕەکەی لەگەڵ شێرپەنجە.

964 بە نامە لە دۆخی تەندروستی پەروازی پرسی، ئەویش نوسیوێتی ”خۆزگە بمتوانیبا قسە بکەم، بەڵام لە ئێستادا من حاڵم باش نییە”.

پەرواز ئەوەشی باسکرد کە دەستی کردووە بە چارەسەر، دەڵێت ”عیلاج وەردەگرم، تائێستا دوو دەرزی کیمیایم وەرگرتووە”.

964 روخسەتی لە پەرواز خواست کە ئەم چاتەی نێوان هەردوولا بڵاو بکەینەوە، ئەویش نوسیوێتی ”بەڵێ دەتوانن بڵاوی بکەنەوە”.

پەرواز حسێن بەر لە نزیکەی دوو مانگ ، لەرێگای هەژمارەکانییەوە لە سۆشیال میدیا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە لە کاتی پشکنیندا، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە نەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی پەرواز حسێن بە 964 ی وت ”ماوەیەکی زۆر نییە نەخۆشیەکەی ئاشکرا بووە، دایکی و کەسوکاری لە بەریتانیا نیشتەجێن، بەڵام بۆ وەرگرتنی چارەسەر پەرواز چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا، پێشتر باوکی پەرواز تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام چارەسەری وەرگرتووەو چاکبووەتەوە”.

پەرواز حسێن، لە ساڵی 1989 لە شاری رانیە لە دایكبووە، دایکی دوو کچە، ساڵی 2013 بەشداری بەرنامەی بەناوبانگی عەرەب ئایدڵی کرد، لەو ساڵەوە وەک ئەستێرەیەکی دیار دەرکەوت و لە کوردستان و لەناو وڵاتانی عەرەبیش ناوو ناوبانگێکی زۆری هەیە

"لەگەڵ شێرپەنجەی ریخۆڵە دەجەنگم"