وەزیرى تەندورستى دەڵێت، وانییە

نرخى مانەوە لە بەشى چاودێرى چڕ بەرز بووەتەوە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لەبەر کەمی جێگای مانەوەی نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە حکومییەکان، هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر نەخۆشخانە تایبەتەکان بە تێچویەکی زۆر، وەزیرى تەندروستیش دەڵێت، هیچ نەخۆشخانەیەک ناتوانێت لەو نرخەى بۆى دیاریکراوە، وەربگرێت.

964 بە پرسیارکردن لە سێ نەخۆشخانەى تایبەتى سلێمانى ویستى نرخى مانەوەى نەخۆش لە بەشى چاودێرى چڕ بزانێت، بەڵام گەیشت بەوەى نرخەکان جیاوازن، نرخى یەک شەو مانەوە لەو بەشە لە 500 هەزارەوە دەستپێدەکات و لە ملیۆنێک و 500 هەزار کۆتایى دێت.

پەیامنێرى 964 جیاوازى نرخەکانى کرد بە پرسیار بۆ سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى، بەڵام ئەو وتى،”نرخەکان جیاواز نین، هیچ نەخۆشخانەیەکیش ناتوانێت لەو نرخە زیاتر وەربگرێت کە بۆى دیاری کراوە”.

پەیامنێرەکەى 964 بە جەختکردنەوە لە جیاوازى نرخەکان جارێکى دیکە پرسیارى لەو وەزیرە کرد، ئەویش وتى،”نرخەکان جیاواز نین و جێگیرن، رەنگە بەرزى هەندێ نرخ پەیوەست بێت بەو دەرمان و پێداویستیانەى دەدرێت بە نەخۆشەکە”.

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی تەنیا 25 تەختی چاودێری چڕ هەیە، پێنجیان بۆ منداڵان و ئەوانی دیکە بۆ گەورە ساڵانە.

کامەران مەولود کە هاوڵاتییەکى شارى سلێمانییە بە 964ـى وت، ماوەی نۆ شەو برایەکم لە بەشی چاودێری چڕی یەکێک لە نەخۆشخانەکان ماوەتەوە و بۆ هەر شەوێک تێچوی ملیۆنێک و 400 هەزار دینار بوە.

باسی لەوەکرد، بەهۆی نەبونی جێگای بەتاڵ لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار، ناچار بردویانەتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بەشى چاودێریى چڕ دەکرێت بە پارە

بەشى چاودێریى چڕ دەکرێت بە پارە