لە قەڵادزێ

دوو هەزار ماڵ لە بێئاوی رزگار کران

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی تێکچوونی قفڵێکی ئاوەوە نزیکەی دوو هەزار ماڵ لە قەڵادزێ بێئاو بووبوون، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆیان چاککراوەتەوە و ئاویان بۆ بەردراوەتەوە.

قفڵەکە 12 ئینجی دیکتایڵ بووە و لەسەر هێڵی سەرەکیی تۆڕی ئاوی گەڕەکی ماقاسمە و گەڕەکی ئاشتی بووە.

محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بۆ 964ـی روونکردەوە، تیمەکانی چاککردنەوەی فەرمانگەکەیان بەردەوام لە کاردان و لە هەرکوێ کێشەیەک هەبێت چارەسەری دەکەن.

وتیشی، “ئێمە کۆگامان هەیە و پێویستیی یەدەگمان هەیە و بەردەوامیش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی راپەڕینەوە داوای ئەو پێویستییانە دەکەین کە لامان نامێنن یان زۆر بەکاردێن و پێویستە زوو زوو بەدەستمان بگەن”.

پڕۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.

بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ وتیشی، “هۆکاری سەرەکیی شکانی بۆری یان تێکچوونی قوفڵەکانیان کۆنییانە و پێویستیان بە گۆڕین هەیە”.

کاتی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە قەڵادزێ زیادی کرد

کاتی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە قەڵادزێ زیادی کرد