تەندروستی دووانیان ناجێگیرە

لە لۆفە سەختەکەی چەمی رێزان ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاو پێنج كەس بریندارن 

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

پێنج کەسی یەک خێزان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بریندار بوون و تەندروستی دووانیان ناجێگیرەوە لە پیرەمەگرونەوە رەوانەی سلێمانی کراون.

رووداوەکە كەمێك لەمەوبەر، لە هەورازەكەی چەمی رێزان روویداوە، لەو لۆفەیەی کە بە لۆفە سەختەكەی ئەو چەمە ناسراوە ئۆتۆمبێلەکەیان لێوەرگەڕاوە.

محەمەد سالار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرەمەگرون بە 964ی وت، رووداوەكە لە كۆتا لۆفەی چەمی رێزان روویداوە، لاندگرۆزەرێك لەدەستی وەرگرتووە و كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و دواتر وەرگەڕاوە.

وتیشی “لە ئۆتۆمبێلەكەدا پێنج سەرنشینی تێدا بووە و هەموویان بریندارن، سیانیان تەندروستیان باشە و لە نەخۆشخانەی پیرەمەگرون چارەسەر كراون، بەڵام دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە، زەبر بەر پشت و سەریان كەوتووە و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی كراون”.

بەپێی ژمارەی سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە کە ژمارە 11 یە، پێدەچێت ئەو خێزانە لە شاری بەغداوە هاتبنە ئەو شوێنە بەمەبەستی گەشتکردن.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن