له دهۆك جگەرەی ئەلیكترۆنی (ڤایپ) قەدەغە كرا
+964
زەید كۆچەر- دهۆك
داواكاری گشتی دهۆك، كڕین و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی كه به ( ڤایپ) ناسراوه، قەدەغە كرد.
لە راگەیەنراوێكدا كە واژۆی سەرۆكی داواكاری گشتی دهۆكی لەسەرە بە بڕیارێك قەدەغەكردنی كڕین و فرۆشتن و بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی راگەیاند.
بهپێی راگەیەنراوەكەی دەسەڵاتی دادوەری دهۆك، فرۆشتن و بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە، ئاماژهى بهوهشكردووه، كه “فرۆشتنی نێرگەلە بە گەنجی خوار و 18 ساڵ قەدەغەیە”.
ههر بهپێی ئهو راگهینراوه، پێویسته شوێنی نانخواردن و نێرگەلەكێشان لە كافتریا وشوێنە گشتیەكاندا، جیابكرێتهوه. ههمانكات كامێرای چاودێریش لهو شوێنانه دابنرێ كە نێرگەلەی تێدا دروستدەكرێت.
“هەر كەسێك سەرپێچی لە بڕیارەكان بكات بەتوندی سزادەدرێت و رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە” راگەیەنراوەكەى داواكگاری گشتى دهۆك وادهڵێ ..
ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان بەشێوهیهكى بهرفراون جگەرەی ئەلیكترۆنی لە لایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێت.
بەپێی ئامارە نێودەوڵەتیەكان كه +964 بهداووداچوونى بۆ كردووه، بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی لە جیهاندا، 55 ملیۆن بەكارهێنەری تێپەڕاندووە.
پێشتر، ئەندرۆ ستۆكس لێكۆڵەرەوە لە بەشی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی بۆستن لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر كێشانی جگەرەی ئاسایی و ئەلیكترۆنی كردوە و بۆی دەركەوتوە ، لەزەرە و زیاندا بۆ سەر دڵ یەكسانن و هیچ جیاوازیەكیان نیە .لێكۆڵینەوەكەی ئەو زانایە دەریخستوە، ئەو كەسانەی جگەركێشی ئاسایین و بڕیاردەدەن جگەرەی ئەلیكترۆنی بكێشن بۆ دووركەوتنەوە لە زەرەر و زیانەكانی ، لەڕاستیدا هیچ سودێك نابینن و هەمان زەرەر و زیانی هەیە بۆسەر تەندروستیان.