بە ژیانى خۆیان دراوسێکەیان پاراست
دراوسێى باش خۆى دەخاتە ئاگرەوە؛ چیرۆکى ئاگرەکەى ناحیەى کەڵەکچى
وریا فەتاح
لە کولتووری کوردەواریدا پەندێکی زێڕین هەیە دەڵێت،”پێش ئەوەی خانوو بکڕیت، پرسیاری دراوسێ بکە”. ئەم وتەیە لە ناحیەی کەڵەکچی سەر بە پارێزگای دهۆک بووەتە واقیعێکی پڕ لە قوربانیدان، دوای ئەوەی دوو دراوسێ بۆ رزگارکردنی خێزانێکی دراوسێیان، جەستەی خۆیان خستە بەر بڵێسەی ئاگر.
رۆژى سێشەممەى رابردوو، لە کاتى نانى نیوەڕۆ ئاگر لە ماڵێکى ناحیەى کەڵەکچى دەکەوێتەوە و دەنگ و هاوارى ژن و منداڵ بەرز دەبێتەوە، لەو کاتەدا کە مەلا سەباح و دەروێش عاسم کە بە رێگاى مزگەوتەوەن و دراوسێى ئەو ماڵەن، خێرا خۆیان دەگەیەننە ناو بڵێسەى ئاگرەکە و دوو منداڵ رزگار دەکەن.
دواتر دەگەڕێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری کارەساتەکە، بەڵام لەوکاتەدا ئاگرەکە کڵپە دەکات و جەستەى هەردوو دراوسێکە و خاوەنى ماڵەکەش دەسوتێنێت.
بەهۆی رووداوەکەوە، هەر سێ دراوسێکە بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەپێی زانیارییەکان رێژەی سووتانی جەستەی مەلا سەباح گەیشتووەتە 35%. و سووتانى جەستەى خاوەنى ماڵەکەش پترە لە 60% و ئێستا چارەسەر وەردەگرن.
ئەم چیرۆکە هەرچەندە ئازاربەخشە، بەڵام جارێکی دیکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە لە رۆژانی سەخت و ناخۆشیدا، “دراوسێی باش گەورەترین نیعمەتە”.
ئەم زانیاریانە لە هێمن ئیسماعیل، کەسوکارى مەلا سەباح وەرگیراوە و بە پەیوەندى تەلەفۆنى بۆ 964 قسەى کردووە .