هۆشداریش دەداتە شۆفێران
هاتوچۆی هەڵەبجە لە بیارە دەستی بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکدا گرت
964+
پەری ساڵح
مەفرەزەکانی هاتوچۆی هەڵەبجە و بیارە دەستییان بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکدا گرت، بەهۆی ئەوەی ئاستەنگ و قەرەباڵغییان لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی بیارە دروستکردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی تەمموز بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی و رێکخستنی کاتی هاتوچۆی گەشتیاران، مەفرەزەکانی هاتووچۆی هەڵەبجە بە هاوبەشی لەگەڵ کارمەندانی بنکەی هاتوچۆی بیارە لە شەقامە سەرەکییە گەشتیارییەکانی بیارە دەستیان بە رێکاری یاسایی کردووە، لەم چوارچێوەیەدا، چەند ئۆتۆمبێلێک کە ببوونە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ و پەکخستنی جوڵەی ئۆتۆمبێلەکان لە سەنتەری بیارە، دەستگیرکران و رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن کران.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:
پابەندبوون بە رێنماییەکان: پێویستە سەرجەم شۆفێران بە تەواوی پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بن و بە هیچ شێوەیەک رێگەی گشتی و شەقامە سەرەکییەکان نەگرن.
هاوکاریکردنی تیمەکان: لە کاتی قەرەباڵغیدا هاوکاری مەفرەزەکانی هاتوچۆ بن، چونکە ئامانجی سەرەکی پاراستنی سەلامەتی و کەمکردنەوەی جەنجاڵییە تاوەکو گەشتیاران و هاووڵاتییان بە ئاسودەیی کاتەکانیان بەسەربەرن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشیاری دەدات کە هەر سەرپێچییەکی لەم شێوەیە رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە.