هەلیکار بۆ شارەزایان و ئەندازیاران
بەریتانیا سیستەمی ڤیزای “بەهرەمەندە جیهانییەکان” فراوان دەکات
وریا فەتاح
حکومەتی بەریتانیا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سیستەمی ڤیزای “بەهرەمەندی جیهانى” راگەیاند، بە جۆرێک لەمەودوا زیاتر لە 100 کۆمپانیای گەورەی بازرگانی و توێژینەوە دەتوانن راستەوخۆ ڤیزا بۆ زانایان، توێژەران و ئەندازیارانی بیانی دابین بکەن.
پێشتر ئەم جۆرە ڤیزایە زیاتر لە رێگەی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە دەدرا، بەڵام بەهۆی کێبڕکێی جیهانی بۆ راکێشانی “مێشکە زیرەکەکان”، بەریتانیا بڕیاریدا دەرگاکە بەڕووی کەرتی تایبەتیشدا بکاتەوە.
گرنگترین زانیارییەکان لەسەر بڕیارە نوێیەکەی بەریتانیا:
کی دەگرێتەوە؟
ئەندازیاران، زانایان و توێژەرانی بیانی کە لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد (AI)، وزەی پاک، دەرمان، بایۆتەکنەلۆجیا، تەکنەلۆجیای کوانتەم و پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا کار دەکەن.
کۆمپانیاکان کامانەن؟
زیاتر لە 100 کۆمپانیا چوونەتە سیستەمەکەوە، لەوانە کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازینکا و کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جاکوار.
ئاسانکارییەکان چین؟
پێشکەشکاری ڤیزاکە مەرج نییە تەنیا لە یەک کۆمپانیا کار بکات، دەتوانێت شوێنی کارەکەی بگۆڕێت یان تەنانەت کۆمپانیای تایبەتی خۆیشی دابمەزرێنێت.
مەرجی زمان و موچە
بۆ توێژەران و ئەکادیمییەکان، مەرجی بڕوانامەی زمانی ئینگلیزی یان دیاریکردنی کەمترین رێژەی موچە بوونی نییە.
خێزان دەبردرێت؟
کەسی وەرگیراو دەتوانێت هاوژین و منداڵەکانیشی لەگەڵ خۆی بباتە بەریتانیا.
ماوەی ڤیزا و مافی مانەوە چەندە؟
ڤیزاکە بۆ ماوەی تا پێنج ساڵ دەدرێت، دوای سێ ساڵ مانەوەش، کەسەکە دەتوانێت داوای مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بکات.
تێچووەکان چەندە؟
هەرچەندە ئاسانکاری زۆر کراوە، بەڵام تێچووی ڤیزاکە هەرزان نییە:
کرێی پێشکەشکردنی ڤیزاکە 766 پاوەندە بۆ هەر کەسێک.
دەبێت ساڵانە بڕی 1,035 پاوەند وەک باجی خزمەتگوزاری تەندروستی بدرێت (هەمان بڕ بۆ هاوژین و منداڵەکانیش هەژمار دەکرێت).
بەریتانیا بەم هەنگاوە دەیەوێت پرۆسەی پێدانی ڤیزا خێرا بکات (کە ئێستا تەنیا 2 بۆ 3 هەفتە دەخایەنێت)، تاوەکو لە کێبڕکێی راکێشانی شارەزایاندا لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا دوامەنەوێت.